بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حیزبی شیوعی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بڵاو کردوەتەوە کە تێیدا هاتووە، هەواڵەکان لە ئۆکراینیاوە دڵەڕاوکێیەکی گەورەی لای سەرجەم ئەو هێز و نێوەند و دەوڵەتانە دروستکردووە، کە سەقامگیرییان بەلاوە گرنگە و دەخوازن ناسەقامگیری و مەترسییەکانی شەڕ کۆتایی پێبێت، کەدواجار بارگرانییە لەسەر شانی کۆی مرۆڤایەتی.
باسی لەوەشکردووە، هەوڵی بەرفروانکردنی هاوپەیمانی ناتۆ و کوتینی دەهۆڵی شەڕ و ئەنجامدانی مانۆری سەربازی لەچەندین ناوچەی گۆی زەوی، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە ماوەی دوو دەیەیی رابردوو، لەئاستی پەیوەندی نێودەوڵەتی و بەردەوامبوونی پێکناکۆکیەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەرجەستەی ئەو ئاماژەیەیە، کە جیهان پێشهاتێکی جۆری بەخۆیەوە دەبینێت کە پیشاندانی کۆتایی تاک جەمسەرییە، هاوکات مۆدێلێکی دیکەی فرەجەمسەری پەیدابووە کەهێشتا ناوەڕۆک و شێوەکەی بەتەواوی رۆشن نییە، کەپێویستە هۆکاربێ بۆ دروستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی جیهانی و هەلێک بۆ هێزە پێشکەوتووخوازەکانی جیهانی برەخسێنێت تاوەکوو بیقۆزنەوە بەشێویەک خزمەتی کێشەکانی گەلان و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکات و سنوورێک بۆ ناوچەکانی ناسەقامگیر دابنێ، لەرێگای چارەسەری هەموو کێشەوگرفتەکان، بەپشت بەستن بە بەرژەوەندییەکانی گەلانو بژاردەی ئازادانە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەبەوەش کراوە، ئامانجی سەرەکی سەرمایەداری هاوچەرخ و پلانە سەربازییەکانی و سیاسەتەکانی هاوپەیمانی ناتۆ، بریتیە لەدیدی بەسەربازیکردن، لەرێگای زۆرترکردنی پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن و زێدەترکردنی خەرجی سەربازی، بۆ بەلاڕێدابردنی چاوەکانە لەسەر ئەوەی رودەدات، کە جیاوازییەکی گەورە لە کەڵەکەبونی سامانی جیهانیدا پەیدابوە لەنێوان کەمینەیەکی سەرمایەدار کەبەرجەستەی سەرمایەداری دارایی دەکەن و دەسەڵاتی بەسەر سامانی کۆی مرۆڤایەتیەوە هەیە، لەگەڵ سامانی زۆرینەی مرۆڤایەتی، کە هەر رۆژ هەژاری و بێکاری زۆرتر دەبێو بەرەی تۆێژە پشتگوێخراوەکان لەئاستی جیهانی رو لە فرەوانییە، بۆیە ئێمە وای دەبینین ئەم بابەتە شێوازێکە لەقوڵبونەوەی قەیرانەکانی خودی سەرمایەداری هاوچەرخ، کەهەوڵی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی بازاڕەکان، بەتایبەتی لەبواری وزەدا، دەدات.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەی حیزبی شیوعی کوردستاندا هاتووە، ئەم پەیامە ئاراستەی سەرکردەی حزبە دۆستوهاوبەشەکانمان دەکەین، کە هەڵوێستێکی هاوبەش وەربگرین و بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوبکەینەوە، کەدربڕی دیدوبۆچوونی بزووتنەوەکەمان بێت و هەوڵی چالاکی هاوبەش لەسەرئاستی نیشتمانی و جیهانی بدەین، لەچوارچێوەی دیدە بنەڕەتییەکانمان بۆ ئاشکراکردنی هەوڵەکانی سەرمایەداری جیهانی و پلانەکانی ئیمپریالیەتی ئەمریکی و هاوپەیمانی ناتۆ، کە گەفە لەسەر لەئاشتی جیهانی، هەروەها ڕووی رای گشتیی جیهانی بەوئاراستەیە بێ، رۆڵی فشاری خۆی بگێڕێت لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەی ئاشتیانە.
Your Comment