کوردپرێس:
کوردی سووریا ئێستا سەرقاڵە بە پاککردنەوەی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات و ناوچەی دەیرەزوور لە داعش و دەڵێت چەندین ئەدامی داعشی دیل کردووە کە هاووڵاتیی وڵاتانی ڕۆژئاوان و لەگەڵ منداڵەکانیان لە کەمپەکاندان و دەبێت وڵاتانی ئەورووپا هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز ساڵی ڕابردوو دادوەرێکی بەلژیکا ئەو وڵاتەی ناچار کرد دوو ژنی هاووڵاتیی ئەو وڵاتە لە کەمپی "الهول"ی باکووری سووریا وەربگرێتەوە کە ناوی ئەو دوو هاووڵاتییە تاتیانا ڤیلۆنتی تەمەن 26 ساڵ و بوشرا ئەبوولالی تەمەن 25 ساڵانە و چەند منداڵیشیان پێیە.
ئەو دوو ژنە بەلژیکییە ساڵی پار لە دادگایێکدا بە غیابی تاوانی ئەندامێتیی داعشیان بە سەردا ساغ کرایەوە بەڵام بەرپرسانی حکوومیی بەلژیکا وتبوویان ناتوانن منداڵانی ئەو ئەندامانە بە تاوانبار بزانن ئەوەش تەنیا بە هۆی ئەوە کە دایک و بابیان تاوانیان کردووە.
دادگای پێداچوونەوە لە بەلژیکا حوکمی دەرکردووە کە ئەو وڵاتە ناچار ناکرێت ئەندامانی داعش بگەڕێنێتەوە نێو وڵات. بەوەشەوە دەسەڵاتی دادی ئەو وڵاتە وتوویەتی هەوڵ دەدەن منداڵانی کەمتر لە دە ساڵی ئەو دوو ژنە بگەڕێننەوە بەلژیکا.
شیاوی ئاماژەیە زۆرینەی وڵاتانی ئەورووپی بە دەم داوای کوردەکانەوە نەهاتوون بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییە ئەرووپییەکانی داعش کە بە دیل لە لای کوردی سووریان.
کۆدی ههواڵنێر: 60103
Your Comment