بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر لەگەڵ نەجات ڤالۆبەلکاسم، وتەبێژ و وەزیری پێشووی خوێندنی باڵای حکوومەتی فەڕەنسا کۆبووەوە و رایگەیاند هەموو ئەو پشتیوانیانەی کە حکوومەتی فەڕەنسا لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە گەلی کوردی کردووە بەرز دەنرخێنن، بەتایبەتی لە رۆژانی کۆڕەوە ملیۆنییەکەی ساڵی 1991 و هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەی بۆ دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بە دیاریکردنی هەرێمی دژە فڕین لە باکووری عێراق بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان لە هەڕەشەکانی ڕژێمی ئەوسای عێراق .
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "ستایشی گەل و حکوومەتی فەڕەنسا دەکەین لە ناردنی رێکخراوە مرۆییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بەتایبەتیش رۆڵی رێکخراوی مرۆیی فرانس لیبەرتێ، هیواداریشین پەیوەندی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی سۆسیالستی فەرەنسا زیاتر پەرەی پێبدرێت، بەتایبەتیش کە هەردوولا ئەندامن لە رێکخراوی سۆسیالست ئینتەرناسیۆنالی جیهانی و رێکخراوی هاوپەیمانی پیشکەوتنخواز، هیوایش دەخوازین ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەی پێ بدرێت بۆ ئاڵوگۆڕی توانا و شارەزاییەکانی یەکتر لەکاروباری رێکخراوەیی و سیاسیدا".
لای خۆیەوە نەجات ڤالۆبەلکاسم وتی: چەند رۆژێک بەرلە هاتنم بۆ هەرێمی کوردستان بە وردی مێژو و خەباتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانم لە چەند سەرچاوەیەکەوە خوێندەوە بەتایبەتیش رۆڵی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردا.
Your Comment