ئەندامێکی پارتی: له‌گه‌ڵ سه‌در و حەلبووسی هیچ رێككه‌وتنێكمان نییه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ هیچ رێککەوتنێکی نووسراو لەنێوان سەدر و سوننەکان و پارتی نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشیار سیوەیلى، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند: ئەوەى لە نێوان پارتى و سەدر و حەلبووسیدا هەیە رێککەوتن نییە، بەڵکوو یاداشتى لێکتێگەیشتنە.

سیوەیلى روونیشى کردەوە، ئەوانەى لەبوارى حکومڕانى و سیاسەت و بزنس ئیش دەکەن، دەزانن چوارچێوەیەک هەیە پێیدەڵێن یاداشتى لێکتێگەیشتن، لەگەڵ بەرامبەرەکانیان، ئەوەشى لە نێوان ئەو سێ لایەنەدا هەیە یاداشتى لێکتێگەیشتنە نەک رێککەوتن، واتا وەرەقەیەکى هاوبەش نیە رێککەوتنى لەسەر کرابێت، بەڵکوو ئەوەى هەیە چەند خاڵێکى گشتین.

بەبڕواى هۆشیار سیوەیلى، ئەو یاداشتەى لەگەڵ سەدر و حەلبووسى هەیانە، کۆک و رێکە لەگەڵ بنەما دەستورییەکان و وتى: ئێمە" لەگەڵ جێبەجێکردنى دەستوورین".

ئەوە لەکاتێکدایە، لەدوای هەڵبژاردنی 10/10/2021 شاندی یەکێتی و پارتی بە هاوبەشی چوونە بەغداد و دواتر شاندەکە هەڵوەشایەوە و بەرپرسانی یەكێتی رایانگەیاند: پارتی لەگەڵ سەدر و سوننەکان رێککەوتنی کردووە بۆ دروستکردنی حکوومەتی زۆرینە لە عێراق، بەبێ ئاگاداریی یەکێتی.

News Code 5194

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha