بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووتیار عادل وتهبێژى حکوومهتى ههرێم وتوویهتى: "ئێمه دڵنیاین لەو گرێبەستانەی کە ئەنجاممانداون، چوونکە پشتمان بەدەستوور و یاسای نەوت و غازی هەرێم بەستووە، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیش بەبڕیارێکی سیاسیی دەیبینین، بێگومان ئەوە پەیوەستە بەچەند هۆکارێکی دیکە و چەند ڕەھەندێکی سیاسیی ھەیە".
وتهبێژى حکوومهتی هەرێم دەشڵێت: "دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا دۆسیەکی ئاڵۆزەو ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام بووین لەم بابەتە و گرفتێکمان هەبوو لەگەڵ حکوومەت، هەربۆیەش لەشوباتی 2007 بەیەکەوە ڕەشنووسێکی یاسای نەوت و غازی عێراقمان داڕشت، بەڵام تاکلایەنە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ئەم ڕەشنووسە هەموار کرایەوە کە ئەمەش وایکرد ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی هەرێم هەیەتی لەبەهاکەی بەتاڵبکاتەوە، بۆیە ئەو ڕەشنووسەی کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبووین جێبەجێ نەکرا".
جووتیار عادل تهئکیدی کردۆتهوه، "لەمادەکانی 110و 111و 112ى دەستوورى ههمیشهیی عێراقدا ڕوون و ڕاشکاو باس لەوەکراوە، هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێم بەیەکەوە سیاسەت و ستراتیژیەتی گەشەکردن بەکەرتی نەوت و غاز بدەن، بێگومان ئەمە دەسەڵاتێکی تایبەت نییە بە حکوومەتی فیدڕاڵی، بەڵکوو دەسەڵاتێکی هاوبەشە و لە دەستووردا هاتووە، هاوکات ئێمە لەسەردەمی حکوومەتەکەی مالیکیش ڕێککەوتنمان کرد تایاسای نەوت و غازی عێراق دەردەچێت".
ناوبراو ئهوهشى باس کردووه، "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی سیاسی بووە و بەئاشکرا ڕەتمانکردۆتهوه و بههیچ شێوهیهک لای ئێمە قبووڵکراو نییە، چوونکە پشت بەهیچ بنەمایەکی دەستووری نابەستێت، لەهەمانکاتدا دەسەڵاتە دەستوورییهکانى هەرێم لەم بوارەدا ڕەچاو نەکراوە".
بۆ چارهسهرى کێشهکانى نێوانیشیان لهگهڵ بهغدا جوتیار عادل ئاشکرایکردوه، "بڕیارەکانی دادگا تانەی لێنادرێت، چوونکە دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبین لەگفتوگۆ و هەڵوێستی خۆمان ڕوونکردۆتەوە و نایشارینەوە، داداگای فیدڕاڵیش لەڕۆحی دەقەکانی دەستووردا لایەنگیریی دەکات کە بەداخەوە ئەمە جێگای قبووڵ نییە".
سەرچاوە: شارپرێس
Your Comment