ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەسەر پەرەپێدان بە پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئێران دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی کرد لەسەر پەرەپێدان بە پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئێران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە 23ی ڕێبەندان لە کونسۆڵخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر ئامادە بوو و پیرۆزبایی چلەمین ساڵۆگە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی کرد.

ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیدراەکەدا هاوکاریی هەردوو لایەنەکەی لە ڕۆژانی سەختی شەڕی داعش وەبیر هێنایەوە و وێڕای ئاماژەدان بە فەرهەنگی هاوبەش لە نێوان هەرێم و ئێران جەختی لەسەر پەرەپێدان بە پێوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.

لای خۆیەوە مورتەزا عبادی گەورەکونسۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم دیدارەدا هیوای دەربڕی بە هاوکاری و هەوڵی هێزە عێراقییەکان بەتایبەت هێزی پێشمەرگە بەستێن بۆ ئەمنییەت و چاکسازی ناوچەکە فەراهەم بکرێت.

شایانی باسە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 17ی ڕێبەندان، ساڵۆگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کەسایەتییە سیاسی، فەرهەنگی، زانستی و ئایینییەکان و چالاکانی ئابووری لەوان وەزیرانی ناوخۆ و بەرنامەڕێژی، نوێنەرانی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، پارێزگاری هەولێر و سلێمانی، سەرۆکی نووسینگەی پێوەندییەکانی دەرەوە، کونسۆڵەکان، سەرۆک حیزبەکان، بەرپرسانی باڵای ئیداری، سەرۆک عەشیرەتەکان، بازرگانەکان و ژمارەیێک زۆر لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامادە بوونیان پەیامی پیرۆزبایی خۆیان بە بۆنەی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.

فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتاربێژێکی ڕێوەڕەسمی ساڵۆگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بوو.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتی: ئێمە ڕابردووی خۆمان لەبیر نەچووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کیمیابارانی هەڵەبجە، لە ڕووداوەکانی ساڵی 1991 و لە شەڕی داعشدا هاوکار و پشتیوانی ئێمە بوو.

فەلاح مستەفا زیادی کرد: هەرێمی کوردستان باوەڕی بە گەشەپێدانی پێوەندیی ئابووری لەگەڵ دراوسێکانی هەیە، سنووری هاوبەش و فەرهەنگی هاوبەش بەمانای ئەوەیە کە ئێمە پێکەوەین، خۆشحاڵین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەمین وڵاتانێک بووە کە کونسۆڵخانەی لە هەرێمی کوردستان دامەزراند و خزمەتگوزاریی ڤیزەی بۆ خەڵکی ئێمە دابین کرد و بوو بە هۆی گەشەسەندنی پێوەندی ئابووری و بازرگانییەکان.

ناوبراو زیادی کرد: خۆشحاڵین لەوەی کە داعش لەناو چووە، بەڵام ئەم هەڕەشە هێشتا بوونی هەیە و شێوەی شەڕ کردنی گۆڕاوە، هەموو دەبێ ڕووبەڕووی ئەم گرووپە تیرۆریستییە مەترسیدارە ببینەوە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: پێوەندیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆی شانازیی ئێمەیە و خوازیاری گەشەپێدان بە پێوەندییەکانمانین.

لە ڕێوڕەسمەکەدا مورتەزا عبادی کونسۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتەکانیدا ئاماژەی دا بە ڕۆڵی گرینگی ڕێبەری کۆچکردووی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئیمام خومەینی لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا و باسی دیاری وەزیری دەرەوەی ئێرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و وتی پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کوردستانی عێراق مێژوویی و بێبڕانەوەیە.

شایانی باسە کەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەواڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەحمەد کانی، کەمال کەرکووکی و ژمارەیێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕیزی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکەدا بوون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51875

Your Comment

You are replying to: .
captcha