بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمین بابە شێخ، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوە كردوە، "وێڕای پاراستنی بنەماکانی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، دەبوایە لەم بڕیارەدا مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرایە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "پێویستە و دەکرێت لەم قۆناغەدا بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق بکرێتەوە، نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن. پێویست بوو دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە پشتبەستن بە بنەما دەستورییەکان دانووستان لەسەر ئەم پرسە و پرسەکانی تر بکرانایە لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق."
پەیوەست بە پاراستنی سیستەمی فیدڕاڵی و پرۆسەی سیاسی لە عێراقیش وتەبێژی یەکێتی دەڵێت: "داوامان لە هەمو لایەنەکان ئەوەیە کە دەستور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێل نەکرێت، بۆ پرسێکی وەک یاسای نەوت و غاز و گشت پرسە چارەنوسسازەکانی تر، دەقە دەستورییەکان جێبەجێبکرێن، لەپێناو پاراستنی سیستەمی فیدڕاڵی وسەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، داوا لە گشت لایەنەکان دەکەین کە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسی گرفتەکان چارەسەر بکرێن".
Your Comment