حکوومەتی عێراق لەبارەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ هەولێر رێککەوتنەکەی پەسەند کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نۆ بڕیاری لەبارەی خاڵە گومرگییەکانی نێوان پارێزگاکان و یەکخستنی پێناسی گومرکی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەرکرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیارەکە کە واژۆی مه‌هدی عه‌للاق، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی به‌وه‌كاله‌ت لەسەرە، ئاماژە بەوە دەکات، رێکخستنی پێناسی گومرگی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئەم رێککەوتنە دەبێ کە لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە.

لە بڕیارەکاندا هاتووە: "بەڕێوەبردنی سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لای ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق ده‌بێت، به‌پێی یاسای ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ژماره‌ 30 بۆ ساڵی 2016، بەشێوەیێک کە‌ پشت بەو فەرمانبەرانە ببەسترێت کە دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن و خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕین له ‌بواره‌كانیان و له‌سه‌ر میلاكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان كاردەكه‌ن".

بەپێی رێککەوتنەکە، بڕیار دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی خاڵە گومرگییەکانی نێوان پارێزگاکان، کە لە سەردەمی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دانران.

لە بڕیارەکەدا هاتووە "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاڵه‌ چاودێریی و وردبینییە گومرکییەکانی کە له‌ ناوچه‌كانی فایده‌ و شێراوه‌ لە باكووری كه‌ركووک و له‌یلان لە رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركووک هەن، بەشێوەیێک کە وەزارەتی دارایی عێراق ده‌سته‌ی گشتیی گومرگه‌كان کاری چاودێری خۆی بکات به‌پێی یاساکەی و به ‌هاوئاهه‌نگی لەگەڵ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ماوەماوە دەورییەی کاتیی ‌ له‌ رێگە سه‌ره‌كییه‌كاندا دابنێت بۆ به‌دواداچوون و چاودێری كردنی مامه‌ڵه‌ گومرگییه‌كانی كاڵا‌ هاوردەکراوەکان، هەروەها دانانی خاڵ بۆ پەیوەندی ئەلیکترۆنی لەگەڵ ناوەندە گومرکییەکان لەبەرچاو دەگیرێت، تاوەکوو ئه‌و كاته‌ی پرۆژه‌ی نوێ كردنه‌وه‌ی پێناسه‌ گومرگییه‌كانی عێراقی كۆتاییان پێدێت".

لەبارەی وردەکاریی رێککەوتنەکە، عەلی سندی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بە وەکالەت رایگەیاند، بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی رۆژی 15-1-2019ی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق دراون و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند کران و دوای دەرچوونیش دەبێ لە رۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێن.

عەلی سندی دەڵێت لەڕووی سیاسییەوە دۆخەکە گونجاو بوو بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانە ئەوەش دوای سەردانەکانی مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، بەڵام لەڕووی تەکنیکییەوە ئەو کێشانە ئاڵۆزن چوونکە گرفت هەبووە لەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێن چوونکە بڕیاری حکوومەتی عێراقن.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51185

Your Comment

You are replying to: .
captcha