سیاسەتوانی کوردی سووریا ڕەهەندەکانی پرۆژەی ناوچەی ئارام لە سووریا تاوتوێ دەکات

بەشی سووریا- سیاسەتوانی کوردی سووریا دەڵێت: ڕەنگە ئەمریکا بیهەوێت ئەو ناوچە ئارامە کە لە ساڵانی 1991 تا 2003 لە باکووری عێراق پێکیهێنا ئەمجارە لە باکووی سووریا پێکی بهێنێت.

وەلید چولی سیاسەتوانی کوردی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕایگەیاند ناوچەی ئارامێک کە ئەمریکا بیری لێدەکاتەوە لەگەڵ ئەوەی تورکیا ئاماژەی پێدەکات زۆر جیاوازن.

ناوبراو دەڵێت مادام کە بەرپرسانی ئەمریکی وتوویانە ئەگەر لە سووریا بکشێینەوە بەرگری دەکەن لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، دەبێت ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکەن و ناوچە ئارامەکەیش دەبێت هەر لەسەر ئەم بنەمایە دابمەزرێت.

وەلید چولی درێژەی دا تورکیا پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە بەنیازە ناوچەیێک لە باکووری سووریا بکاتە پەرژین. ئەو ناوچەیە تورکیا بیری لێدەکاتەوە داگیر کردنی ناوچەیێکی دیکەیە لە سووریا وەکوو عەفرین، ئەعزاز، ئیدلیب و باب. بۆیە پڕۆژەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی کە تورکەکان بیری لێدەکەنەوە جیاوازە.

ئەندامی ناوندی لێکۆڵینەوە ستراتێژیکەکانی فورات ئاماژەیشی دا بە بڕیاری ئەمریکا بۆ دروست کردنی ناوچەی ئارام لە سووریا وتی: ڕەنگە ئەمریکا بیهەوێت ئەو ناوچە ئارامە کە لە ساڵانی 1991 تا 2003 لە باکووری عێراق پێکیهێنا ئەمجارە لە باکووی سووریا پێکی بێنێت، دروستە کە ئەمریکا لەم بارەوە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆی کردووە بەڵام بە واتای ئەوە نییە کە پرسەکە بە تورکیا دەسپێرێت.

وەلید چولی دەیشڵێت هەر چەشنە داخڵ بوونێکی تورکیا بۆ ناو خاکی سووریا بە مانای داگیرکارییە و ڕەنگە ئێستا تورکیا لە میدیاکاندا پێشوازیی لە پڕۆژەکەی ترەمپ کردبێت بەڵام بە مانای ئەوە نییە کە لەم بابەتەدا ئەمریکا تورکیا بکاتە سەرپشک. بێ گومان لە داهاتوودا تورکیا دژی ناوچەی ئارام دەوەستێتەوە چوونکە ئامانجی ئەمریکا پاراستنی کوردەکان هەمبەر هەڕەشەی تورکیا.

ئەم سیاسەتوانە کوردە لەبارەی بێ ئاکام بوونی ڕێکەوتنی کورد و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا وتی ئێستا بەرپرسانی باکووری سووریا خەریکی دانووستانن لەگەڵ حکوومەتی ناوندی و هێشتا ئەنجامی نەبووە، بە ئاوڕدانەوە لەم بابەتەش ئێستا دوو هەڕەشە لەسەر کوردی سووریایە هەڕەشەی تورکیا و هەڕەشەی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا.

ناوبراو درێژەی دا ناوچەی ئارام دەبێت لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕەسمی بناسرێت و هێزی نێونەتەوەیی وەکوو هێزی میسر و سعوودیا لەم ناوچەدا جێگیر بکرێن تا ڕێگری بکەن لە هێرشی تورکیا و دەوڵەتی ناوەندی.

ئەندامی ناوندی لێکۆڵینەوە ستراتێژیکەکانی فورات لە قامیشلۆ ئاماژە بە داهاتووی ناوچەی ئارام دەکات لە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی سووریا و دەڵێت: هێشتا ڕوون نییە ئەم ناوچە ئارامە کەی و بە چ شێوەیێک دادەمەزرێت بەڵام مەسەلە ئەمەیە کە ناوچەی ئارام هەمیشەیی نییە و پاش نووسینی یاسای بنەڕەتیی نوێ و ڕێگاچارەی سیاسی لە سووریا، هەڵدەوەشێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51124

Your Comment

You are replying to: .
captcha