کوردپرێس:
سەرکەوت شەمسەدین ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە میانەى بەشداریکردنى لە پانۆراماى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، بەهۆى پشتیوانیی لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ سیاسسەتى سەربەخۆى هەناردەکردنى نەوتى هەرێم و لە دواى ڕیفراندۆمەوە، بەغدا مەرجەکانى سەپاندووە بەسەر هەرێم بۆ ناردنى بەشە بودجەکەى.
سەرکەوت شەمسەدین، ڕاشیگەیاند ئەگەر حکوومەتى عێراق بەشەبودجەى هەرێم نەنێرێت ئەوا هۆکارەکەى بۆ ڕادەست نەکردنى نەوت دەگەڕێتەوە لە لایەن هەرێمەوە و هەوڵیش دەدەن ئەو دۆسیەیە ببرێتە دادگاى فیدڕاڵى عێراق.
ناوبراو ئاماژەى بەوەش کردووە، حکوومەتى عێراق ئامادەیە یەکێک لە بڕگەکانى یاسای بودجە جێبەجێ بکات کە تایبەتە بەوەى ئەگەر نەوتى هەرێمیش نەنێردرێت بۆ بەغدا، مووچەى فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بنێردرێت.
هاوکات لە بارەى لێدوانەکەى عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان کە لە بەرنامەى تاوتێی ئێن ئاڕ تى نەوەى نوێ و ئێن ئاڕ تى بە بەرپرسیار زانى بۆ بێ متمانەیی و نەچوونى خەڵک بۆ دەنگدان، سەرکەوت شەمسەدین ڕایگەیاند، نەوەى نوێ دەرئەنجامى بێ هیوابوون لە بزوتنەوەى گۆڕان و لایەنە سیاسییەکان دروستبوو کە لە ئێستادا ئەو لایەنانە ئامادەکارى دەکەن بۆ چوونە ناو دەسەڵات.
Your Comment