ستراتێژییەتی ئەمریکا ئەوە نییە لە سووریا بکشێتەوە/ واشەنتۆن ڕەزایە پێشمەرگەی ڕۆژ بێتە کوردستانی سووریا

بەشی سووریا- ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وتوویەتی ئەمریکا بەدیلی زۆری بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرش کردنی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا بکات؛ یەک لەو بەدیلانەش ئەوەیە پێشمەرگەی ڕۆژ لەو ناوچەیە جێگیر بکرێت.

کوردپرێس:

"عیماد برهۆ" ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) گفتوگۆیێکی تایبەتی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و ڕایگەیاندووە ئەمریکا لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا چەندین لێدوان و پەیامی تویەتەریی لەبارەی کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا دەکردووە و لە ئەنجامیشدا بەهۆی ئەو گوشارانەی بەرپرسانی ئەمریکا خستیانە سەری ڕایگەیاند کە لە ئێستادا لە سووریا ناکشێنەوە بەڵام پاش شکستدانی بەتەواوەتیی داعش لە سووریا دەکشێنەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا گوتیشی: ئەمریکا وتوویەتی سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریا دەباتە دەرەوە بەڵام لەبارەی دەزگا و ڕێمخراوە ئەمریکییەکانەوە هیچی نەوتووە و سەرەڕای ئەوەش ئەمریکا 15 بنکەی سەربازیی لە سووریا هەیە و بەو نیگەرانییەوە کە ئەمریکا لە بوونی ئێران و سووریا هەیەتی لە ئێستادا بەنیاز لە خاکی سووریا بکشێتەوە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: پێ دەچێت ئەمریکا ژمارەی هێزەکانی لە سووریا کەم بکاتەوە بەڵام بەگشتی ستراتێژییەتی ئەمریکا ئەوە نییە کە بیهەوێت لە سووریا بەتەواوەتی بکشێتەوە و بە هەمان شێوەی عێراق و ئەفغانستان لە سووریاش دەمێنێتەوە.

عیماد برهۆ گوتیشی: ڕووسیاش ڕایگەیاندووە کە بڕوای بە کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا نییە.

ناوبراو زیادیشی کرد: پێنتاگۆن لەو قەناعەتەدایە کە دەبێت لە سووریا بمێنێتەوە لەبەر ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانی لە دەیرەزوور سەرقاڵی شەڕی داعشن و ئەوەش کارتێکەر بووە لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ مانەوەی ئەمریکا لە خاکی سووریا.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ئاماژەی بە سەردانەکەی جان بۆڵتۆن بۆ تورکیاش کرد و وتی: ئەو سەردانە زۆر گرینگ دەبێت و پێ دەچێت بۆڵتۆن لەو سەردانەدا بیهەوێت ئەنقەرە ڕازی بکات کە دژ بە کوردی سووریا هەڵمەتی سەربازی ئەنجام نەدات و لێدوانەکەی ترەمپ و پۆمیۆش هەمان تەوەری دەگرتەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا سەبارەت بە ڕوانگەی ئەمریکا لەبارەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاوە بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەمریکا کۆمەڵێک ئەڵتەرناتیڤی هەیە کە دەتوانێت بەو ئەڵتەرناتیڤانە ڕێگری بکات لە هێرشکردنی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا و یەک لەو بەدیلانە کە ئەمریکا هەیەتی جێگیرکردنی لەشکری پێشمەرگەی "ڕۆژ"ە کە فەرمان لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاوە وەردەگرێت. تورکیا بەردەوام وتوویەتی یەپەگە و پەکەکە یەک شتن و ئەگەر بێتوو ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە لەشکری ڕۆژ دەتوانێت لەو ناوچە کوردنشینانەدا جێگیر بکرێت و ببێتە جیاکەرەوەی نێوان یەپەگە و سوپای تورکیا.

News Code 50810

Your Comment

You are replying to: .
captcha