ڕاوێژکاری مەسروور بارزانی: هەناردە کردنی گاز لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا لە بەرژەوەندیی هەردوولایە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەت خۆی کار بۆ ھەناردەی غازی سروشتی بۆ دەرەوە دەکات و لە وڵاتانیش بەتایبەت تورکیا خواستێکی زۆر ھەیە بۆ غازی سروشتی ھەرێم.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێوار خنسی، ڕاوێژکاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "خواست لە دەرەوە لە وڵاتان بۆ غازی سروشتی ھەرێمی کوردستان زۆرە و نزیکترین شوێنی ڕاکێشانی بۆری غاز بۆ تورکیا کوردستانە، بەڵام ئێمە نابینە شوێنگرەوەی دابین کردنی غاز بۆ ھیچ وڵاتێک و ئەگەر ئەو سەقامگیرییە و ئەمنیەتە بەردەوام بێت دەتوانین غازێکی باش بۆ وڵاتان دابین بکەین".

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کرد، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ ھەناردەی غازی سروشتی بۆ دەرەوە دەکات، بەڵام پێویستە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لە عێراقیش ھەبێت و ھەماھەنگی لەنێوان ھەرێم و بەغداش ھەبێت".

بێوار خنسی ئاماژە بەوەش دەکات: "خۆی گرینگە ئەگەر بتوانی نەوت و غاز لە ناو وڵات بە پیشەسازی بکرێت، بەڵام بۆ ھەناردەکردنی کامە وڵات بەرژەوەندی زیاتری ھەرێم بێت بۆ ئەو وڵاتە ھەناردە دەکرێت، چوونکە داھات زیاتر دەبێت و ئێستا تورکیا نزیکترین وڵاتە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردەی غاز و پارێزراوتریشە، چوونکە ھەندێک وڵات ھەیە بەسەدان ھەزار (کم) بۆرییان ڕاکێشاوە، بەڵام لە ھەرێم بۆ تورکیا زۆر نزیکە، بۆیە لەبەرژەوەندی ھەرێمی و تورکیاش دایە".

خنسی جەخت دەکاتەوە: "کە غاز ڕەوانەکرا بۆ دەرەوە سەرچاوەکانی داھات زیاد دەبێت، بەڵام پێویستە بەشێوەیەکی زانستی غاز بکرێتە سەرچاوە و بەشێوەیەک بێت داھاتی ھەرێم زیاد بکات و دەرھێنانی تێچووی زۆر نەبێت و کاریگەری لەسەر دەرھێنانی نەبێت و زوو تەواو بکرێت و تەمەنی درێژ بێت، چوونکە ئەگەر بەشێوەی زانستی نەبێت زوو تەواو دەبێت، بەڵام ھەرێم دەوڵەمەندە بەغازی سروشتی و غازەکەی دەگاتە ٥,٧ ملیار پێ سێجا و ساڵانە ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا بفرۆشرێت، داھاتێکی زۆر بۆ ھەرێم دابین دەکرێت، چوونکە ھەرێم ھاوشێوەی وڵاتان دەوڵەمەندە بەغاز، بۆیە کاری بەردەوامی بۆ دەکرێت و غازیش دەبێتە سەرچاوەیەکی داھات بۆ ھەرێمی کوردستان.

News Code 5069

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha