دانووستانی پێکهێنانی حکوومه‌ت دوا ده‌که‌وێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دانووستانه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان که‌ خولی دووهه‌می تازه‌ ده‌ستی پێکردبوو دوا ده‌که‌وێت و تا ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌ ناچێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رچاوه‌یێکی ئاگادار له‌ دانووستانه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ نه‌یویست ناوه‌که‌ی بدرکێندرێت باس له‌وه‌ ده‌کات: هیچ شاندێکی دانووستانکاری پارتی سه‌ردانی سلێمانی ناکات بۆ کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌و پرسه‌ بۆ دوای سه‌ری ساڵی نوێ دوا بکه‌وێت.

ناوبراو ڕه‌تی ده‌کاته‌وه‌ که‌ شاندی دانووستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان سه‌ردانی سلێمانی بکات بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێشنیاز و داواکارییه‌کان له‌باره‌ی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌که‌ ڕاشی‌گه‌یاندوووه‌: ئه‌گه‌ری زۆره‌ گه‌ڕێکی دیکه‌ی دانووستانه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌ت بکه‌وێته‌ دوای پشوووه‌کانی سه‌ری ساڵی نوێوه‌ و جارێکی دیکه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر پرسی پێکهێنانی حکوومه‌تی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان کۆ ببنه‌وه‌.

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو شاندی دانووستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆ و دانووستان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان سه‌ردانی سلێمانیان کرد و له‌ کۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌کاندا ژماره‌یێک پێشنیاز و داواکاری له‌باره‌ی پێکهێنانی حکوومه‌ته‌وه‌ تاوتوێ کران و بڕیار بوو له‌ گه‌ڕی دووه‌می دانووستانه‌کاندا شاندی پارتی وه‌ڵامی فه‌رمی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بده‌نه‌وه.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50569

Your Comment

You are replying to: .
captcha