توركیا داوای کردنه‌وه‌ی کونسووڵخانه‌ له‌ که‌رکووک و نه‌جه‌ف ده‌کات

به‌شی تورکیا- باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غداد به ‌فه‌رمی داواكاریی پێشكه‌شی به‌رپرسانی عێراق كردوووه‌ به‌ مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی كۆنسووڵخانه‌ی توركیا له‌ شاره‌كانی كه‌ركووک و نه‌جه‌ف.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فاتیح یڵدز سه‌باره‌ت به‌ داواکاریی تورکیا بۆ کردنه‌وه‌ی کونسووڵخانه‌ له‌ که‌رکووک و نه‌جه‌ف ڕای‌گه‌یاند: "کردنه‌وه‌ی كۆنسووڵخانه‌ له‌ شاره‌كانی كه‌ركووک و نه‌جه‌ف گرنگه‌ بۆ توركیا و وه‌ک هه‌نگاوی پلانی له‌مێژینه‌مان داواكاریی فه‌رمیمان پێشكه‌شی به‌رپرسانی عێراق كردوووه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی كۆنسووڵخانه‌ی توركیا له‌ كه‌ركووک و نه‌جه‌ف و ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ساڵانی ڕابردووشدا له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كاندا له‌ كارنامه‌دا بوووه‌".

یڵدز ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ده‌یانه‌وێت له‌م كاته‌دا كه‌ كۆنسووڵخانه‌كانی مووسڵ و به‌سره‌ ده‌خه‌نه‌وه‌كار، ئه‌م به‌ره‌وپێشچوونه‌ له‌ شاره‌كانی دیكه‌ش ئه‌نجام بده‌ن.

ناوبراو گوتیشی: "هه‌ردووكیان هه‌م بۆ عێراق و هه‌م بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا شاری گرنگن. كاتێک لێره‌دا كۆنسووڵخانه‌مان كرده‌وه‌، ناوه‌ندی پێدانی ڤیزه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه‌. له‌ ئێستادا ناوه‌ندی پێدانی ڤیزه‌ بۆ باشووری عێراق ته‌نها له‌ به‌غدا هه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی كۆنسووڵخانه‌دا له‌ شاره‌كانی دیكه‌، ناوه‌ندی پێدانی ڤیزه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه‌."

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند که‌ له‌ كه‌ركووک به‌ر له‌ كردنه‌وه‌ی كۆنسووڵخانه‌ ناوه‌ندی پێدانی ڤیزه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و گوتی: "به‌هۆی بوونی برا توركمانه‌كانمانه‌وه‌، كه‌ركووک له‌گه‌ڵ توركیادا په‌یوه‌ندیی خوێن و ڕه‌چه‌ڵه‌كی هه‌یه‌ و شارێكی جیاوازه‌. جگه‌ له‌وه‌ عه‌ره‌ب و كورد و مه‌سیحییه‌كانی كه‌ركووكیش په‌یوه‌ندییێكی ڕیشه‌یی و مێژوویییان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌".

یڵدز به ‌بیری هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا دوو جار سه‌ردانی كه‌ركووكی كردوووه‌ و ڕاشی‌گه‌یاند: "له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌مان كردوووه‌ چاوه‌ڕێی كردنه‌وه‌ی كۆنسووڵخانه‌ی توركیان له‌وێ. ئه‌م (كۆنسووڵخانه‌یه‌) ده‌گاته‌ هه‌موو خه‌ڵكی كه‌ركووک و ده‌بێته‌ نوێنه‌رایه‌تییێک بۆ هه‌ماهه‌نگی كردنی كۆماری توركیا له‌ وه‌به‌رهێناندا له‌ بواره‌كانی وه‌ک ئابووری، ژێرخان و بازرگانی له‌ كه‌ركووک."

باڵیۆزی تورکیا له‌ به‌غدا له‌باره‌ی گرنگیی كردنه‌وه‌ی كۆنسووڵخانه‌ی توركیا له‌ نه‌جه‌فیش گوتی: "نه‌جه‌ف هه‌م بۆ عێراق و بۆ جیهانی ئیسلامیش ناوه‌ندێكی گرنگه‌ كه‌ ده‌ڵێی نه‌جه‌ف ڕێک كوفه‌ و كه‌ربه‌لاشت به‌ مێشكدا دێت. به‌ر له‌ هه‌موو شتێک ئه‌وێ شوێنی ئه‌هلی به‌یته‌. توركیا هاووڵاتییانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لایان خۆش ده‌وێ. ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ بابه‌تی ئایینی و گه‌شتیاری ئایینییه‌.‌ ساڵانه‌ ژماره‌یێكی زۆر هاووڵاتییمان سه‌ردانی ئێره‌ ده‌كه‌ن. نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا له‌ ڕووی بازرگانی و ئابووریشه‌وه‌ بۆ عێراق گرنگن."

فاتیح یڵدز له‌ كۆتاییی قسه‌كانیدا گوتی: "له‌ قۆناغی داهاتوودا له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی دامه‌زراوه‌كانی عێراقدا به‌دواداچوون بۆ داواكارییه‌كانمان ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسان باسیان لێوه‌ ده‌كه‌ین."

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50441

Your Comment

You are replying to: .
captcha