کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، دوا خرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەهۆی بایکۆتی زۆرینەی فراکسیۆنەکان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی دیکە دوا خرا.

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شوان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق به‌ خەندان-ی راگه‌یاندووە: بەهۆی ئەوەی زۆرینەی لایەنەکانی وەک رەوتی سەدر، چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان و پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانیان کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار؛ کۆبوونەوەکە رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی نابێت و بۆ کاتێکی دیکە دوا دەخرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تا دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دوا دەخرێت کە بەگوێرەی یاسا لەماوەی سێ رۆژدا پێویستە وەڵامی سکاڵاکان بداتەوە.

پەیوەست بە وادەی نوێی کۆبوونەوەی پەرلەمانیش، پەرلەمانتارەکەی پارتی ئەوەی خستەڕوو، کۆبوونەوەی پەرلەمان بەهۆی نەبوونی نیسابی یاسایی ئەمڕۆ ئەنجام نادرێت و وادەی نوێی کۆبوونەوەش سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاریدەکات و نازانرێت کەی ئەنجام دەدرێت.

دوێنێ هەریەک لە هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان و فراکسیۆنی پارتی بڕیاریان دا بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق نەکەن کەتایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار، لای خۆیەوە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان داوایکرد لایەنەکان کۆبوونەوەی راوێژکاریی زیاتر ئەنجام بدەن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێک کە لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆدا گونجاو بێت.

News Code 4996

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha