ناکۆکیەکانی نێوان یەکێی و پارتی گرفتی زۆری بۆ کورد دروست کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بارەی ئـەو ململانێ و ناکۆکیەی لە نێوان دوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێم کە لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دروستبووە دەڵێت لێرە و لەوێ دەبیستین کە هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە ئارادا هەیە و ئاشکراشی دەکات کە هەوڵێک هەیە و لەگەڵ ئەو هەوڵەدا پارتی و یەکێتی لەسەر یەک کاندید رێکبکەون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حەکیم گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە: "وەکوو عورفێک پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد و نەتەوەی کورد و هەرێمی کوردستانە پێمان خوشبوو ئەو برادەرانەی کە ئەم شەڕ و مشتومڕانە دەکەن هاتبان لە کۆبوونەوەیەکی حزب و لایەنە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان بیانکردبا و بە هەموومان لەسەر یەک کاندید ڕێکەوتباین.

ناوبراو دەشڵێت: بۆیە ئەو داخوازی و چاوەڕوانیەمان هەیە کە ئـەوە بێتەدی و بتوانین وەکوو کورد لەسەر یەک کاندید رێکبکەوین. ئەو چاوەڕوانیەش زیاتر لە یەکێتی و پارتی خۆیانن کە لەسەر کاندیدێک رێکبکەون و پێشموایە بەرپرسیاریەتی پارتی گەورەتر دەبێت زیاتر کە هەوڵی یەکریزی نێوماڵی کورد و ئیدارەی هەرێمی کوردستان بدات چوونکە ئێمەش لێرە و لەوێ دەبیستین هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە ئارادا هەیە."

ناوبراو دەشڵێت" ئێمە تا 7ی مانگ ئەو چاوەڕوانیەمان هەیە کە ئـەو برادەرانە بتوانن کۆبوونەوەیەک ساز بکەن و بگەنە ئەنجامێک."

لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی کەوا بۆچی زیاتر لە چەندین کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق نەبن؟ یان بوونی یەک کاندیدی کورد و رێککەوتن لەسەر ئەو کاندیدە نابێتە بەرتەسک کردنەوەی ئازادیەکان و سنووردانان بۆ دیموکراسیەت گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەڵێت: " ئێستا ئەو دووبەرەکیەی پارتی و یەکێتی گرفتی بۆ کورد دروست کردووە ئەگەر نا خۆ کورد 10 تا 12 پالێوراوی تری هەیە کاندیدەکان ئازادن بەڵام دەنگ ناهێنن بۆچی خۆیی ماندوو دەکات؟ یاخود بۆچی ئەو ململانێ و دووبەرەکیەی ساڵی 2018 دووبارەبێتەوە؟ ئەوەی ڕوونە زیاتر شەڕی پلە و پۆست دەکەن لە بەغدا، ئێمە کۆمەڵێک شتی دەستوری و ناوچەی جێناکوک و مادەی 140 و مووچەی پێشمەرگەمان هەیە و بەردەوام چارەنووسی 200 ملیارمان هەڕەشەی بڕینی لەسەرە ئەمانە ئێستا خەمی سەرەکی میلەتی کوردن."

بەپێی زانیاری و چاوەڕوانیەکانی محەمەد حەکیم گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەسەر ئەنجامی ئەو ململانێیەی کە لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکرێت کە ئاخو بەکوێ دەگات، لەو بارەیەوە ناوبراو دەڵێت: " ئەوەی بیستوومە هەوڵێک هەیە و لەگەڵ ئەوەم ئەو هەوڵە سەربگرێت ئەویش ئەوەیە بکرێت پارتی و یەکێتی لەسەر یەک کاندید رێکبکەون چاکترە، پێشموایە دواجار پارتی جۆرێک لە موراعاتی دەرهاوێشتەی ئەو هەنگاوەی بکات کە کاندیدی بەرامبەر بە کاندیدی یەکێتی هەیە ئایا بۆ هەرێم خراپ نابێت ؟ ئایا یەکێتی لەولاوە هیچ هەڕەشەو گوڕەشەیەکی هەیە بەرامبەر بە ئیدارەی هەرێم ؟ لەبەر ئەوەی بەرپرسیاریەتی سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێم لای پارتیە ئەو بەرپرسیاریەتیە دەکەوێتە سەر شانیان هەنگاوێکی وا نەنێن کە ئەوان و دواتریش یەکێتی پرسی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و ئەو ناکوکیە بگوازرێتەوە بۆ ناو هەرێم و مەترسی دوو ئیدارەیی سەرهەڵبدات."

بڕیارە ڕۆژی 7ی مانگی 2 لە پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بکرێت و هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتیمانی کوردستان و نەوەی نوێ و چەندین کەسی تری سەربەخۆش بە جیا کاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستە هەیە و پارتی بە مافی خۆی دەزانێت و یەکێتیش بە ئیستیخقاقی خۆی بۆیە ناکوکی نێوان ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارەی هەرێم هێشتا بەردەوامە.

News Code 4925

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha