بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شیرین یونس ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی بە سایتی فەرمیی حزبەکەی وتووە، یار و نەیارمان شاهیدن کە یەکێتی هەمیشە لەبەشی لەخۆی کردۆتەوە و داوێتی بە لایەنەکانی تر، لە باوەڕی نیشتمانی خۆی لانادات و رێز لەلایەنەکانی تر دەگرێت، بەڵام کاتێک لایەنی بەرامبەر نابەرپرسیارانە ئەو هەستە نیشتمانیەی بەکاربهێنێت ئەوا سنووری بۆ دادەنێن و ناهێڵن ببەزێنێت.
لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا شیرین یونس لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار رایگەیاندووە، پارتی دەستیداوەتە یاریەکی ترسناک ئەویش بچووک کردنەوە و بەحزبی کردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە، ئەگەر بۆ پارتی بچێتە سەر ئەوا خولێکی تر لایەنی عەرەب ئەو پۆستەش لە پارتی وەردەگرێتەوە، دواجار شکۆی کورد لە عێراق ژێر پێ دەکەوێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی پێیوایە کە پارتی هەڵەی کردووە لە کاندید کردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە بە وتەی ئەو "پێشتر لەسەر گەندەڵی لەپۆستی حکوومەتی عێراق دوورخراوەتەوە و متمانەی لێوەرگیراوەتەوە و بەلای عێراقیەکانەوە شایستەی ئەو پۆستە نییە".
Your Comment