بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، گووتی: "داعش شێوازی کاری تیرۆریستی خۆی گۆڕیوە ئێستا وەکوو گرووپی بچووک بچووک کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات و لەزۆربەی ئەو ناوچانەی کە لێ بووە ئێستاش هەر ماوە وەکوو عێراق، سووریا، یەمەن، ئەڤغانستان، میسر و لیبیا و وڵاتانی ئەورووپا ئیشی خۆی دەکات و لە سوشیاڵ میدیا بیروباوەڕی ئیسلامی توندڕەوی خۆی بڵاو دەکاتەوە و هەوڵ دەدات خەڵکی زیاتر هان بدات و تا ئێستا مەترسیە لەسەر ناوچەکە، بینیمان پێش دوو ڕۆژ توانی پەلاماری بنکەیەکی عێراقی بدات و یازدە کەس لەو بنکەیە بکوژێت و جگە لەوەش پەلاماری زیندانی غوێرانی داوە لە ناوچەی حەسەکە و ئێستاش لەوێ هەر بەردەوامن لە شەڕ و مەترسیەکە بەردەوامە".
لەبارەی ئاماری ئێستای چەکدارانی داعش لە عێراق و ناوچە جێناکوکان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت: "کەس ناتوانێت ژمارەی ئێستای چەکدارانی داعش دیاری بکات چوونکە ئەوان پشت بە شانە نووستووەکان و گرووپی زۆر بچووک بچووک دەبەستن و لە هیچ ناوچەیەک جێگیرنابێت بەردەوام لە گەڕاندایە و هەوڵ دەدات بگەرێت و شوێنێکی لاواز بدوزێتەوە لە ناو پێگەکانی هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە یان لە سووریا و ناوچەکانی تر بۆ ئەوەی پەلاماریان بدات یان بەشێوازی کەمین و قەناس لە دوورەوە یان بەدانانەوەی مین و خۆتەقاندنەوە لەو ناوچانە".
لەکۆتایی وتووێژەکەدا جەبار یاوەر دەڵێت: "داعش تەنها لەقەرەچۆغ نین لە زۆربەی ئەو ناوچانەن کە بۆشایی لەنێوانی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەی خانەقینەوە لەسەر سنووری ئێران تاوەکو ناوچەی سحێلا لەسەر سنووری سووریا کە نزیکەی 560 کیلۆمەترە جگە لەوەش لە هەندێک ناوچەی دەوروبەری بەغدا و ئەنبار و ناوچەی نزیک مووسل و سووریا هەن بەڵام ژمارەیان دیاریکراو نییە و خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ئەم شێوازە نهێنیە بە گرووپی بچووک هەوڵ دەدەن کارە تیرۆریستیەکانیان ئەنجام بدەن و پشت دەبەستن بەو کامپانەش کە کەسوکاری داعشی تێدایە لەسەر سنووری سووریا - عێراق و لەسەر سنووری سووریا - ناوچەکانی ئوردن، هەوڵ دەدات شانە نووستووەکانی خۆی زیندوو بکاتەوە و لەناو زیندانیەکاندا بەردەوامی بدات بە رێکخستنەوەی زیندانیەکان بۆ ئەوەی کاری تیرۆریستی خۆیان ئەنجام بدەن".
Your Comment