بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، وەک کاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک(کە لە نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئیمتیدا و ژمارەیەک پەرلەمانی سەربەخۆ پێکهاتووە)، خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کرد، ئەوەش کاردانەوەی لای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دروستکرد لەسەر ئەوەی کە ئەو هەنگاوە، دژی بەڵێنەکەی نەوەی نوێ خۆیەتی کە رایگەیاندووە، دەبێتە ئۆپۆزسیۆن.
لەمبارەوە سروە عەبدولواحید، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: "کاندید کردنی کەسێک لە لایەن هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک و هەروەها لە لایەن نەوەی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆ ئەوەیە کە نەوەی نوێ نیشانی هەمو عێراقی بدات کە ئەو پۆستانە بۆ دو حیزبی پارتی و یەکێتی قۆرخ نەکراون، بەڵکو ئێستا هێزی نوێ هەیە کە خۆی بە بەدیلی ئەو دو حیزبە دەزانێت و کار بۆ داهاتو دەکات، ئەگەر چی ئێستا سەد لە سەدیش دڵنیا بێت کاندیدەکەی دەرناچێت، ئەوا هەر بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم هەڵویستەی، تاوەکوە نەبێتە بەشێک لە هیچ کام لە دو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم."
بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ "هەم پارتی و یەکێتی ئەم هەنگاوەیان پێ ناخۆشەو حەزیان دەکرد هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک کە خاوەنی 28 کورسی پەرلەمانە، دەنگی بدایە بە کاندیدی لایەکیان و هەمیش هەندێک حیزبی ترو کەسایەتی و پەرلەمانتاری تری دەرەوەی ئەو دو حیزبە پێیان ناخۆشە ئەم هەنگاوە یاخود رەنگە لێی تێنەگەن، چوونکە ئەوانە ئەوەتای هەن بەشێک بون لە پارتی یان یەکێتی یاخود بەشێک بون لە ئەجیندای باڵێکی ناو حیزبی دەسەڵات، و هیچ کات بە تەنها روئیای خۆیان نەبوەو خاوەن بریاری سەربەخۆی خۆیان نەبون. بۆیە ئێستاش لەوە تێناگەن کە کاندیدکردن تەنها لە پێناو ئەوەی گۆرەپانەکە بۆ پارتی و یەکێتی چۆڵ نەکەیت، زۆر جیاوازە لەوەی بە راستی پۆستی حکومەت وەربگریت و بچیتە ناو حکوومەتەوە."
جەختیشی کردۆتەوە کە "کاندیدکردنی کەسێک بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی خۆت و نەبوونت بە پاشکۆی لایەنی تر، هیچ کاریگەری لەسەر ئۆپۆزسیۆنبونی نەوەی نوێ و هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکدا نییە، کە بە دڵنیاییەوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک دەبین لە ناو پەرلەمانی عێراقدا و پێشبینی دەکرێت کورسییەکانی ئەم هاوپەیمانییە بگاتە 40 کورسی پەرلەمان".
Your Comment