کوردپرێس: بەپێی راگەیەنراوێکى بارەگای بارزانى، رۆژی چوارشەممە لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای چوارچێوەی ھاوئاهەنگیی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دوا پێشھاتەکانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کران.
هاوکات تیشک خراوەتەسەر پێویستیی پێداچوونەوە بە حوکمڕانیی عێراق و سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی رابردوو و رەچاوکردنی پرەنسیپەکانی شەراکەت و سازان و ھاوسەنگیی لە پرۆسەی حوکمڕانیدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لە بارەی تەحەدیاتی بەردەم داهاتووی عێراق، بابەتی خزمەتگوزاری و ھەڕەشەی تیرۆر، کێشەی ژینگە و کەمئاوی و داواکاریی ھاووڵاتییان ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ھەوڵەکان بۆ لەیەکتر نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان و ئیستحقاقی پێکھاتەکان کرایەوە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قۆناخی داھاتوو و تێپەڕاندنی تەحەدیاتی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
Your Comment