بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و رۆبەرت پاڵەدینۆ کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پرسە چارەنووسازەکان و پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان و عێراقی دوای هەڵبژاردن کرا.
لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستیی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و پەنابردن بۆ دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ کرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردەوە، بە تایبەت لە پرسی راوێژ و هاوکاری کردنی هێزی پێشمەرگە، لە رووی مەشق و پێشخستنی توانا لۆجستی و سەربازییەکان، لە پێناو ریشەکێش کردنی تیرۆر و ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکە .
سەبارەت بە قۆناغی دوای هەڵبژاردن و حکوومەتی داهاتووی عێراق بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە دەستپێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار و کارا و چالاک کرایەوە.
تاڵەبانی بەگرنگییەوە ئاماژەی بە هەوڵەکانی یەکێتیی کرد، بۆ ئەوەی نوێنەرانی کوردستان بەیەک تیم بچنە بەغدا و دیدگای روونی یەکێتی کرد و رایگەیاند، دەیانەوێت وەک نوێنەرانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغدا و لەگەڵ دۆستەکانیان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەن و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانیان بکەن.
Your Comment