کوردپرێس:
فەنەر کەعیت جێگری هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئیدارەی خۆسەر بەپێگەی "حەل نێت"ی وتووە، "لەکاتی سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی "ئیدارەی خۆسەر"و "ئەنجومەنی سووریای دیموکرات" بۆ مۆسکۆ هەستیان کردووە هەوڵێکی نوێ لە ئارادایە بۆ ئەوەی دانوستانێکی جدی لەژێر سەرپەرشتیی ڕووسیا و بەپاڵپشتیی ئەمریکا لەنێوان ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا و حکوومەتی دیمەشق بەڕێوە بچێت.
کەعیت ڕاشیگەیاندووە، لەکاتی دیدارەکانیان لە مۆسکۆ باسیان لەبابەتەکانی پەیوەست بەبەشداریکردنی ئیدارەی خۆسەر و ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لەپڕۆسەی چارەسەری سیاسی لە سووریا بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ژمارە 2254 کردووە.
بەرپرسەکەی کوردستانی سووریا ڕەتی کردۆتەوە، کاتێکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بڕیاری لێدرابێت، بەوتەی ئەو، "کاتو شوێنی دانوستانەکان هێشتا دیارینەکراون".
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، حەسەن کۆچەر جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەر هێڵە سوورەکانی ئیدارەی خۆسەری لەهەر دانوستانێک لەگەڵ ڕژێمی سووریا ئاشکرا کردبوو کە ئەوانیش داننان بەئیدارەی خۆسەر و پاراستنی تایبەتمەندی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون.
Your Comment