بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانى خوێندکاران و دەستگیرکردنى چەند کەسێکى نزیکى خۆی رایگەیاند "بەداخەوە ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەرەمی زانکۆیان شکاندووە، بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەسەر خوێندکاران، هەوڵی ڕێگرییکردنی خۆپیشاندەرانیاندا. ئێمە لەکاتێکدا دووبارە پشتیوانیی سەرسەختی داوا ڕەواکانی خوێندکارە ئازیزەکان دەکەین، لەهەمانکاتدا هیواخوازین ڕێگەنەدەن داوا کانیان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی بکرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا ببرێت و زیان بە موڵکی گشتی بگەیەندرێت".
ناوبراو دەشڵێت، نیگەرانی خۆشم دەردەبڕم بەرامبەر ئەو شێوازی هەڵسوکەوتەی هەندێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لەبەرامبەر خوێندکاران بەکاری دەهێنن، بە تایبەتی تەقەکردن بە ڕووی خۆپیشاندەران و بریندارکردنی چەند خوێندکارێک بە فیشەک، کە ئەمە هەرگیز قابیلی قبووڵ نییە.
هەروەها ئاماژەى بەوەش کردووە، کە دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خۆیان بە دوور بگرن و نەچنە ژێر باری هیچ گوشارێکەوە بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
لاهور شێخ جەنگی راشیگەیاندوە، "کە دەستگیرکردنی چەند خوێندکارێک و چەند کەسایەتییەکی پێشمەرگەی دێرین لە شارەزوور بە بیانووی پڕوپووچ و بێ بنەما بە تووندی سەرکۆنە دەکەم و داوا دەکەم دەستبەجێ ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی جەماوەر تووڕە و ڕق ئەستوورتر نەبێت بەرامبەریان".
بۆ چارەسەرکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیش لاهور شێخ جەنگی باسى لەوە کردوە کە وا پێدەچێت بەشداربووانی حکومەت لە زۆنی سەوز هیچ حسابێکیان بۆ نەکرێت لە لایەن باڵادەستانی بنەماڵە و سەرانی پارتی، بۆیە بەوتەى خۆی دەتوانن پارەی دوو ڕۆژی قاچاخچییەتی مەرزی باشماخ کە نزیکەی ٦ ملیۆن دۆلارە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخان بکەن و چارەسەری كێشەی خوێندکاران بکەن.
لە کۆتاییشدا لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "هۆشدارییەکی هەڤاڵانە بۆ بڕیاربەدەستانی ئێستای یەکێتیی، وەبیریان دەهێنمەوە کە بەکارهێنانی هێز تەنها بۆ دوژمنانی گەلەکەمانە و هەر کەسێک بیەوێت هێز بەرامبەر گەلەکەی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوا دڵنیابن کە گەل ڕق ئەستوورتر دەبێت بەرامبەریان و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان دەکەوێتە مەترسییەوە.
Your Comment