شاندێکی سەربازیی ئەمریکا و بەرپرسانی پێشمەرگە تاوتوێی جووڵەکانی داعش دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، شاندێکی سەربازیی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی پێشمەرگە کۆبوونەتەوە و  جووڵەکانی داعشیان تاوتوێی کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، عه‌مید روكن شوان حه‌مه‌غه‌ریب، به‌رێوه‌به‌ری حه‌ره‌كاتی سەربازی، پێشوازیی لە كۆنۆنیڵ هه‌نان، به‌رپرسی ئۆفیسی هاریكاری ئاسایشی ئه‌مریكا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری کرد و هەماهەنگی و هاوکاریی جموجۆڵه‌ سەربازییەکان و چۆنیەتی بەرێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان له‌م دیداره‌دا گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.

هەروەها هاتووە هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەماهەنگی نێوان سەرجەم لایەنە سەربازییەکان یەکبخرێت.

ئاماژه‌یپێكرد، بۆ ئەوەی بتوانرێت جموجۆڵی تیرۆرستان، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و هەموو ئەو ناوچانەی جوڵەی داعشی تێدایە، لە بەین ببرێن و نەهێڵدرێن.

باس له‌ ره‌وشی میحوه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و ده‌ستنیشان كردنی كه‌موكوڕیه‌كان كرا، له‌ پێناو باشتركردنی توانا و ئەدا سەربازییەکانی ئەو میحوەرانە، لە رووەکانی سەنگەرسازی و جموجۆڵە سەربازییەکان‌ و ئاگاداربوون له‌ پێشهاته‌كان.

چۆنیه‌تی گه‌یاندنی هاوكاریه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ گفتوگۆی له‌باره‌یه‌وه‌ كرا، داوا كرا په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق به‌ هێزتر بێت، بۆئه‌وه‌ی شێوازی گه‌یاندنی ئه‌و هاوكاری و كۆمه‌كانه‌ ئاسانتر و خێراتربێت.

سەرچاوە: K24

News Code 4029

Your Comment

You are replying to: .
captcha