کوردپرێس:
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-11-2018، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیی ئەنجام دا و وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، عادل عەبدولمەهەدی رایگەیاند، پەیوەندییێکی ئەرێنییان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوت.
عادل عەبدولمەهدی گوتی "بەدڵنییایەوە پرسی دووبارە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری نەوتدا بابەتێکە خراوەتە ڕوو، لەلایەن حکوومەتی پێشوو خرابووە ڕوو. ئێمەش ئێستا هەوڵ دەدەین بگەینە شێوەیێکی دروست، پەیوەندییێکی باش و دروست لەنێوان هەردوولا هەیە و هاوکاری دەبێت و لە بەرژەوەندیی هەموو لایێک و گەلی عێراق دەبێت، ئەوە کارێکە هەوڵی بۆ دەدەین و دەخوازین و بە بەردەوامی بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دیارینەکردنی بودجەیێکی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە پڕۆژەیاسای بودجە، عەبدولمەهدی گوتی "بابەتەکە خراونەتە ڕوو، یەکەم ئەو لیژنەی پێکهێنراوە نوێنەرایەتیی هەموو پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە ئەمانە بەشێکن لەو لیژنەیەی دەچنە پەرلەمان، زنجیرەیێکی زۆر تێبینی پێشکەش کراون و وەرگیراون، بەشێکیان زۆر گرنگن و بەشێکیان لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر کرا. ئێمە تیمێکی زۆر بچووکمان پێکهێناوە لە گەورە بەرپرسان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەم بابەتە (پرسی بودجە)، بۆ ئەوەی رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو ئەو شاندە بچنە پەرلەمان، بۆچوونەکانیان زیاتر روونترە لە بۆچوونەکانی رابردوو، دوای ئەوەی گوێـمان لە پەرلەمانتاران گرت".
لەبەشێکی دیکە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، عادل عەبدولمەهدی باسی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی کرد و گوتی "لە ماوەی کەمی داهاتوودا پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی وەزارەی تەواو دەبێت". ئەوەش لەکاتێکدایە هێشتا پەرلەمان دەنگی لەسەر هەشت وەزیری کابینەکەی حکوومەت نەداوە.
عادل عەبدولمەهدی باسی لە توندوتۆڵیی سنووری عێراقی لەگەڵ سووریا کرد و رایگەیاند، هێزە هاوبەشەکان کۆنترۆڵی سنووریان لەگەڵ سوووریا کردووە و راشیگەیاند، تاوەکوو ئێستا هیچ داواکارییێکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنەکان بەدەست نەگەیشتووە، ئەو پرسەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە.
*لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو وەرگیراوە
Your Comment