کوردپرێس:
هێزی کوردی سووریا پاش ئەوەی عەرەب و کریستییانەکان هاتنە ڕیزیانەوە ناوی خۆیان گۆڕی بۆ هێزی سووریای دیموکرات و بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانیی دژەداعش توانییان زیاتر لە 30 لە سەدی خاکی سووریا لە بندەست داعش ئازاد بکەن.
هێزی کوردی سووریا ئێستا سەرقاڵی ڕزگارکردنی ناوچەی هەجینن کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دەیرەزوور و ئوپەراسیۆنی ئازادکردنی ناوچەکە چەند حەفتەیێکە دەستی پێکردووە.
ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی ڕووسی ئەمڕۆ لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاند کە هاوپەیمانیی دژەداعش بە هەڵە بارەگای هاوپەیمانەکەی خۆیی تۆپباران کردووە.
ئەو سەرچاوەیەی هەواڵەکەی بە سپۆتنیک ڕاگەیاندووە وتوویەتی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی دژەداعش بە هەڵە بارەگای کوردەکانیان تۆپباران کردووە و بەو هۆیەشەوە 6 ئەندامی هێزی سووریای دیموکرات گیانی خۆیان لە دەست دا و 15ی دیکەش بریندار بوون.
ئەو سەرچاوەیە بە سپۆتنیکی وتووە هۆکاری ئەو ڕووداوە لێنەهاتووییی هاوپەیمانیی دژەداعش بوو کە لە کاتی پێشڕەویی هێزی کوردی سووریادا بە هەڵەدا چوون و ئەوەش دەلالەتە لە سەر ناکارامەبوونی سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا و دەیسەلمێنێت کە بوونی ئەمریکا لە سووریا نەک هەر کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی نوێ.
Your Comment