ئایا هەرێمی کوردستان لە دیموکراسییەت دوورتر کەوتۆتەوە؟

بەشی جیهان- ماڵپەڕی ڕیجنی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا نووسیویەتی سەردەمێک بوو کە هەمووان چاوەڕوانیان دەکرد هەرێمی کوردستان ببێتە مەکۆی سەرەکیی دیموکراسییەت بەڵام ئێستا ڕوانینە ئیجابییەکان بۆ ئەو بابەتە ڕووی لە بێ هیوایی کردووە.

کوردپرێس:

دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان وەکوو خولەکانی پێشووتر ئەم جارەش لە هەڵبژاردنەکەی 30ی ئەیلوولی 2018 زیاتر دەنگ و زیاترین ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانیان بە دەست هێنا و ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین حیزب و قەبارەی سیاسیی ناڕازی سەریان هەڵداوە و ئەوەش بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بەوەی کە خۆیان ناوی گەندەڵی و دەساودەس نەکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتی لێدەنێن. بەڵام تا ئەم کاتەش هیچ لایەنێکی ناڕازی نەیتوانیوە کێشە بۆ ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی هەرێم دروست بکات.

لایەنە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە ئیدعای خۆیان بەرانبەر بە دژایەتی کردنی دەسەڵاتی بنەماڵەییی دوو حیزبی گەورەی کوردستانی سەریان هەڵداوە لە هەڵبژاردندا باش دەرنەکەوتن و دەڵێن هۆی پێشنەکەوتن و سەرنەکەوتنیان ساختەکاریکردنی دوو حیزبی پارتی و یەکێتی بووە. ئەوەش لە کاتێکدایە زۆرینەی چاودێرانی سیاسی هۆکاری سەرەکیی سەرنەکەوتنی لایەنەکانی ئوپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان دەگێڕنەوە بۆ بێ هیوا بوونی گەل لە چاکسازی و گۆڕانکاری کردن لە دەسەڵات و بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژرادنەکانی هەرێمی کوردستان. بەو پێیەش لایەنەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان دەبنە براوی هەڵبژرادنەکان.

ماڵپەڕی ڕیجی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا بە ئاساییی دەزانێت کە دوو لایەنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بوونەتە براوەی هەڵبژاردن لە بەر ئەوەی چیتر ئەو هیوایە نەماوە کە سەردەمێک هەمووان چاوەڕوانیان دەکرد هەرێمی کوردستان ببێتە مەکۆی دیموکراسییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هۆکاری ئەو بێ هیوابوونەش ئەوەیە لایەنەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ڕێگرن لە ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات بە شێوازی ئاشتییانە.

نووسەری ڕاپۆرتەکە بڕوای وایە بزووتنەوەی ئیمپریاڵیستییانەو نیۆلیبریاڵییانە وای کردووە ئەموو ئارمانجەکانی دیموکراسییەت لە هەرێمی کوردستان بفەوتێن و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش لە پاشهاتی خراپی فەشەلهێنانی دیموکراسییەت ناگەن و پێ دەچێت لە داهاتوویێکی نزیکدا دیکتاتۆرییەت لە هەرێمی کوردستان بسەپێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا زیادیان کردووە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانە و بڕوای خۆیانیان بە هەڵبژاردن بۆ دیموکراسییەت و دادپەروەری لە دەست داوە و بوونی ئوپۆزسیۆنی و لایەنی موعارەزە بۆ داهاتووی ناوچەکە و دەستەبەر کردنی دیموکراسییەت زۆر زەروور دەبێت.

News Code 38570

Your Comment

You are replying to: .
captcha