کوردپرێس:
ڕۆژی شەممە 6-10-2018 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کە بە عادل عەبدولمەهدی راسپێردراوە، تویتێکی کرد. شەش خاڵی وەک مەرجی پێکهێنانی حکوومەت خستە ڕوو.
یەکەم: دەبێت سەرۆکوەزیران، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدابێت، هەمان شت بۆ پۆستە ئەمنییە هەستیارەکانیش رەوایە. نابێت هیچ لایەنێکی سیاسی و قەوارەیەک بەربژێریان هەبێت. سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی دەبێت دڵسۆزییان تەنیا بۆ وڵات هەبێت.
دووەم: ئێمە کاتێک بڕیارماندا، بەربژێرمان بۆ پۆستە وەزارییەکان نابێت، بۆ ئەوە نەبووە بیکەینە دیاری بۆ پشکپشکێنەی هێز و لایەنە سیاسییەکان و قەوارەکانی دیکە. بەڵکو ئامانجمان ئەوە بووە، سەرۆکوەزیران خۆی راستەوخۆ بەربژێرەکانی خۆی لە کەسایەتییە سەربەخۆیەکان و تەکنۆکرات دیاریبکات. ئەگینا هەڵوێستی دیکەمان دەبوو.
سێیەم: بۆ ئەو پۆستانەی کە لە ئاستی پلەی وەزیردایە و پێشتر لەلایەن دەوڵەتی قووڵ دەستیان بەسەرداگیرابوو، دەبێت بەپێی میکانیزم و بنەمای یاسایی، لۆژیکی دروست بە رەچاوکردنی دادوەری، شارەزایی، پیشەگەری دوور لە نەفەسی حیزبی و گرووپییەوە پڕ بکرێنەوە.
چوارەم: پێویستە دەرگای بەربژێری واڵا بکرێت بۆ خاوەن پسپۆڕەکان و بەهرەمەندەکان بەگرتنەبەری مەرجی زۆر قورس بۆ ئەوەی شکۆی دەوڵەت بپارێزێت و لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت.
پێنجەم: هەندێک پۆستی زۆر هەستیار هەن، فاکتەری ئەنجامدانی چاکسازین. پێویستە سەرۆکوەزیران ئەم فاکتەرانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، تەنیا راوێژکاری قبوڵ بکات و هیچی دیکە.
شەشەم: لیژنەکانی پەرلەمانیش مافێکی زامنکراوە بۆ گەلانی عێراق، بەڵام ئامۆژگاری دەکەم بەپێی بەرژەوەندی گشتیی دابەشبکرێن، نەوەک لە بەرژەوەندی تایفەیەک و هێزێکی دیاریکراو.
ئەمە لەکاتێکدایە کە چاوەڕێدەکرێت لە رۆژانی داهاتوو لایەنە سیاسییەکان دەست بە دانووستاندنی چڕ بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
رۆژی سێشەممە 2-10-2018 بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، دوای دوو کاژێر لە هەڵبژاردنی، عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت راسپارد و دەبێت عادل عەبدول مەهدی کابیینەکەی لەماوەی 30 رۆژ ئامادەبکات و بیخاتە بەردەم پەرلەمان.
Your Comment