به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌پێی ئامار و داتا جۆراوجۆره‌کان، له ماوه‌ی 7 ساڵ شه‌ڕی ناوخۆییی سووریا نزیک به 3 ملیۆن و 500 هه‌زار که‌س ئاواره‌ی سووریا په‌نایان بۆ تورکیا بردوووه که له‌م نێوانه‌دا ژماره‌ی له‌دایکبوونی منداڵی ئاواره‌کان زیاتره له ڕێژه‌ی له‌دایکبوونی منداڵی هاووڵاتییانی تورکیا و به‌و بۆنه‌وه کارناسان هۆشداری ده‌ده‌ن که له ماوه‌ی یه‌ک ده‌یه‌ی داهاتوودا مومکینه پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌تی تورکیا له به‌رژه‌وه‌ندیی ئاواره‌کاندا گۆڕانی به سه‌ردا بێت.
موراد ئه‌ردۆغان سه‌رۆکی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی حه‌شیمه‌ت له زانکۆی ئه‌سته‌نبۆڵ له‌وباره‌وه به ماڵپه‌ڕی ئه‌لمۆنیتۆری ڕاگه‌یاندوووه که ڕۆژانه 395 منداڵی سووری له تورکیا له‌دایک ده‌بن و به‌و شێوه‌یه له ماوه‌ی 10 ساڵدا پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌تی تورکیا له به‌رژه‌وه‌ندیی کۆچبه‌رانی سووری ده‌شکێته‌وه.
ناوبراو گوتیشی: ژماره‌ی سێ میلیۆن و 500 هه‌زار ئاواره‌ی سووری له تورکیا تۆمار کراوه به‌ڵام ڕێژه ڕاسته‌قینه‌که‌ی له‌وه زیاتره. ڕۆژانه‌ش نزیکه‌ی 1000 په‌نابه‌ری ئه‌فغانی و عێراقی له باشووری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌چنه تورکیا و کۆنتڕۆڵی سنووره‌کانیش به شێوه‌یێکی جیدی ئه‌نجام نابێت.
ئه‌و کارناسه ڕاشیگه‌یاند: له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی قه‌یرانی ناوخۆیی له ساڵی 2011 ژماره‌ی ئاواره‌کانی سووریا له تورکیا له 58 هه‌زار که‌سه‌وه بۆ 4 میلیۆن که‌س به‌رز بۆته‌وه و پێشبینیشی کرد که تورکیا له ده‌یه‌ی داهاتوودا نزیک به 6 ملیۆن هاووڵاتیی سووری له‌خۆ ده‌گرێت که به‌رانبه‌ره به 7.5 له‌سه‌دی تێکڕای حه‌شیمه‌تی وڵات.
موراد ئه‌ردۆغان جه‌ختی کرده‌وه که نرخی گه‌شه‌ی حه‌شیمه‌ت له تورکیا هاتۆته خواره‌وه به‌ڵام له ناو ئاواره‌کاندا زۆر زۆر به‌رز بۆته‌وه و ده‌وڵه‌تی تورکیا ناچار ده‌بێت ئه‌ندامانی دیکه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵانه قبووڵ نه‌کات که ئێستاکه له سووریا‌ن.
ناوبراو شک و گومانی خۆی ده‌رده‌برێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که ئاواره‌کانی سووریا بۆ وڵاته‌که‌یان بگه‌ڕێنه‌وه و ده‌شڵێت: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێک له‌وان بگه‌ڕێنه‌وه 50 منداڵی کۆچبه‌ر که ڕۆژانه له تورکیا له‌دایک ده‌بن جێگه‌ی ئه‌وانه ده‌گرنه‌وه که بۆ سووریا ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
ناوبراو کێشه‌یێکی دیکه‌ی هاوپێوه‌ند به حه‌شیمه‌تی تورکیا به چوونی نوخبه‌کان له‌و وڵاته ڕاده‌گه‌یێنێت و به بۆچوونی ناوبراو چوونی نوخبه‌کان له وڵات 10 ئه‌وه‌نده‌ی هاتنی یه‌ک کۆچبه‌ر خه‌سار له تورکیا ده‌دات.
ئێلیف ئۆزمنک کارناسی کۆچبه‌ری ده‌ڵێت: تورکیا له ڕابردوودا بووبوووه ڕێڕه‌وێکی کاتی بۆ کۆچبه‌ران به‌ڵام ئێستا ئه‌و وڵاته بۆته شوێنی مه‌به‌ستی کۆچبه‌ران و بابه‌تێکی گرینگتر ئه‌وه‌یه که یه‌ک له‌سه‌ر سێ کۆچبه‌ران خوێنه‌وار نیین و ئه‌و بابه‌ته‌ش کاریگه‌ریی نه‌رێنیی زیاتر له‌سه‌ر تورکیا داده‌نێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment