کوردپرێس: کەمال ڕەئووف ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی هەرێمی کوردستان لەباەری چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و ڕەوتی بەشداریی خەڵک بۆ کوردپرێسی وت: تا ئێستا ڕێژەی بەشداربووان خراپ نییە، بەڵام نازاندرێت ئەوانەی کە دەچن بە مەبەستی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن بەشدار دەبن یاخود بۆ ئەوە بەشدار دەبن کە کارتەکانیان بە کار نەهێندرێت، تەنگەژەیێکی زۆر لە بەین لایەنە سیاسییەکاندا دروست بووە کە نیگەرانیی زۆر هەیە بەتایبەت کە دەنگوباسی ئەوە هەیە کە هەندێک لە خەڵک لە هەر دوو حیزبی پارتی و یەکێتی ئامادە کراون کە ساختەکاری ئەنجام بدەن، ئەو نیگەرانییانە وای کردووە کە لە ئاخر لەحزەدا کۆمیسیۆن بڕیارێک دەربکات بۆ ئەوەی کە بە دوو هەویە و تەزکەرە خەڵک دەتوانن دەنگ بدەن و بە تایبەتی لایەنەکانی پارتی و یەکێتی خیتابیان لە بەرانبەر یەکدا توندە، ئێستا نیگەرانیی ئەوە هەیە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە باتی ئەوەی کە ماڵی کورد کۆ بکاتەوە لەوە زیاتر ماڵی کورد دابەش بکات.
ناوبراو لەبارەی ئەو ڕێکارەی کە کۆمیسیۆن لە دوایین پەیامیدا گرتییە بەر و ناڕەزایەتیی هەندێک لایەنی بەدواوە هەبوو کە هۆکاری چییە و ئایا ئەو ڕێکارە کاریگەریی دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی تەندروستی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند: لە بیرمان نەچێت کۆمیسیۆن کۆکەرەوەی حیزبەکانە واتا لە ئەندامی حیزبەکان پێک هاتووە، نەک ئەوەی کە کۆمیسیۆنی سەربەخۆ بێت. ئەوان پێیان وابوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەزویرێکی زۆری کردووە و بۆیە لە دوایین لەحزەدا ئەوەیان کرد. ئەگەر بیبینن تەنها یەکێتی موخالێفی ئەو بڕیارە بووە کە لە درەنگانی شەودا کۆمیسیۆن ئەو بڕیارەی بڵاو کردەوە. من پێم وانییە کە دوو تەزکەرە و سێ تەزکەرە ببێتە هۆی ڕێگری کردن لە ساختەکاری، ڕەنگە بتوانێت کەمی بکاتەوە بەڵام ڕێگری لە تەزویر ناکات چوونکە هەر دوو لایەن بڕیاری ئەوەیان هەیە یاخود دەزگایان دروست کردووە بە تایبەت بۆ ئەوەی کە بتوانن ڕێژەی دەنگەکانیان لەسەرەوەی ڕێژەی حەقیقیی خۆیانەوە پیشان بدەن.
کەمال ڕەئووف لە وەڵامی ئەو پرسیارەیدا کە دوای هەڵبژادرنی پەرلەمانی عێراق باس لەوە کرا کە ساختەکارییەکە بە هۆی سیستەمی دەنگدان بوو، ئەمجارەیان نیگەرانییەکە لەسەر چیە وتی: سیستەمی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی کە لایەنە پێوەندیدارەکانی کۆمیسیۆن سەر بە حیزبەکانن ناتوانێت تەندروست بێت چوونکە دەبێت تانەکان بچێتە بەردەمی ئەوان و ئەوانیش هیچ هەوڵێک بۆ تەندروستیی هەڵبژاردنەکان نادەن. لە لایەن پارتییەوە دەزگایێک هەیە بۆ کۆ کردنەوەی هەویە و پێناسەی خەڵکی مردوو و ناوەکانیان ئامادە دەکەن. بۆ نموونە لە شاری دهۆک ڕێژەی مردووەکان سفرە، بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن کە داوای کردووە لە وەزارەتی تەندروستی تاکوو ئێستا سەد و بیست هەزار کەس دراوە بە کۆمیسیۆن لەو سەد و بیست هەزار کەسە کۆمیسیۆن توانیویە ناوی شانزدە هەزار کەسیان بدۆزێتەوە یەعنی هەتا ئێستا سەد و دە هەزار ناوی مردوو لە ناوی لیستەکاندایە، لیستەکە خاوێن نییە، لیستەکە بە عەمد پیس کراوە و ناتواندرێت خاوێنی کەیتەوە؛ هەموو ئەو لایەنانەی کە تەزویر دەکەن ئیعتیماد دەکەن لەسەر خراپی و ناخاوێنیی لیستی دەنگدەران بۆیە ئەتوانن ئەو کارە بکەن، ئەو کارە بە عەمد کراوە و بە سودفە نییە بۆیە ناتواندرێت باس لە خاوێنی بکرێت من بۆ خۆم ڕام وایە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق تووشی خلەلی گەورە بووە.
سەرنووسەری شارپرێس لەبارەی پێش بینیی ئەوەی کە گۆڕانکارییێک لە هاوسەنگیی هێزەکان دروست دەبێت یان نا دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەماییە 50+1ی دەنگەکان بە دەست بێنێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتەمایە کە جارن هێزی سێهەم بووە ئەمجارە بێت بە هێزی دووهەم و هەروەها هێزی تازە دروست بووە و ئەوانەش کێبەرکێ ئەکەن، بەپێی ئەو ڕاپرسییانەی کە تاکوو ئێستا کراوە ئەگەری هەیە پارتی و یەکێتی بە یەکەوە 70 کورسی بەدەست بێنن کە جاران 56 کورسییان هەبوو، ئەو کاتە بێ منەت دەبن لەوەی کە 50 + 1 لە لایەن لاینەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە ببێت.
ناوبراو لەدرێژەدا ئاماژەی بە هێزە نوێکان دا و ڕایگەیاند: بۆ نموونە نەوەی نوێ هەبوو و پێشتریش هاوپەیمانی هەبوو، ئەو دوو هێزە نوێ بوون کە چانسی ئەوەیان هەبوو پێکەوە چەند کورسییێک بەدەست بێنن، نەوەی نوێی ئێستا چانسی ئەوەی هەیە کە چەند کورسییێک بەدەست بێنێت کە لە هێزە ئیسلامییەکان زیاتر بێت، بەڵام هاوپەیمانی بایکۆتی کردووە و ئەگەری هەیە دەنگەکانی بە هۆی جودابوونەوەی بەرهەم ساڵحەوە بچێتە سندووقی یەکێتی.
کەمال ڕەئووف لەبارەی ئەو پرسیارەی کە پێتان وایە ئەو دنگە ناڕازییانەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بدرێتە نەوەی نوێ یان بدرێتە لایەنی دەسەڵات وتی: دەنگەکان دابەش دەبێت نەوەی نوێ لە هێزی ناڕازییان ئەبات، بەڵام هەندێکیش لەوانەی کە پێیان وایە نەوەی نوێ چانسی ئەوەی نابێت کە دەنگ بێنێت دەنگەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ لایەنەکانی دیکە.
کەمال ڕەئووف لەبارەی کاریگەریی هەڵبژاردن لەسەر یەکلا کردنەوەی پرسی بەربژێری کورد بۆ سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند: من پێم وانییە کاریگەرییێکی زۆری هەبێت، چوونکە ئەو پڕۆسە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەگەر پارتی و یەکێتی تەنگەژەکانی نێوان خۆیان تا ئاستی دەرەوەیش بەرز بکەنەوە کاریگەریی دەبێت، بەڵام شێوازی دەنگدان لەوێ شێوازێکی جیاوازە. کورد تا ڕادەیێکی زۆر دابەشی دوو بەرە بووە 25 کورسی لای پارتی دیموکراتی کوردستانە ڕەنگە یەکێتیش 25 کورسییێکیان هەبێت چەند کورسیش تا ئێستا خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە کە دەنگ بە کێ دەدەن. دیکەی دەنگدەرانیش عەرەبن و سەربە فراکسیۆنەکانی شیعە و سونە لە بەغدا.
دیمانە: حەسەن ساڵحی
داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی هەواڵدەریی نێوەنتەوەیی کوردپرێس
Your Comment