کوردپرێس:
خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی سێشەممە 26-10-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەرکووک بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و خەڵکەکەی لە دۆخێکی دەروونیی خراپدان، "بۆیە دەبێت وەکو کورد واز لە ململانێ بهێنین و هەموومان بەرنامەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییمان هەبێت و پەیامی بۆ پێکهاتەکانی دیکەش پێبێت".
خالید شوانی، کە هاوکات وەزیری هەرێمە بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتییە؛ بۆیە پێویستە پارێزگار بە رێککەوتنی کورد و نەتەوەکان دابنرێت، "کێشەی کەرکووک پرسێکی سەختە، چونکە پرسێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشە، پێویستە پرسەکە لە میدیا دووربخرێتەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆی راستەقینە".
خالید شوانی هۆشداریی دا لەبارەی خراپتربوونی دۆخی کەرکووک و گوتی، "ئەگەر حیزبەکان بەم عەقڵیەتە ئیدارە بدەن، کەرکووک لە ئێستا باشتر نابێت و خەڵکیش قبووڵی ناکات"، ئاماژەی بەوەش کرد، "پۆستی پارێزگار هی کوردە و بەپێی دەنگیش یەکێتی زۆرینەیە و دەبێت بۆ یەکێتی بێت، بەڵام ئێمە دەڵێین با بە گفتوگۆ بێت".
لەژێرناونیشانی "عێراقیکی سەقامگیر بۆ هەرێمێکی سەقامگیر"، ئەمڕۆ سێشەممە 26-10-2021 لە هەولێر دیداری مێری دەستی بە کارەکانی کرد؛ لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بەرپرسی عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق و کۆنسوڵەکانیان لەهەرێمی کوردستان بەشداردەبن؛ دیدارەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و هەشت تەوەر لەخۆدەگرێت.
Your Comment