کورد ئەو بەختەی نەماوە کە دیسانەوە لە کەرکووک ببێتەوە بە خاوەن دەسەڵات

بەشی جیهان- جویل وینگ وەڵامی چەند پرسیارێکی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی داوەتەوە و دەڵێت کورد کۆمەڵێک هەڵەی کردووە و هەر ئەو هەڵەیانەش وای کردووە بەو زووانە نەتواێت دیسانەوە لە کەرکووک دەسەڵات بە دەستەوە بگرێتەوە.

کوردپرێس:

پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە هۆی فرەڕەنگی و فرەجەمسەریی لایەنە عێراقییەکان بۆتە یەک لە پڕۆسە درێژخایەنەکانی عێراق و جێی موناقەشە و ململانێی نێوان لایەنەکانە. جویل وینگ چاودێری سیاسی و شارەزای کاروباری عێراق لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وتووە هۆکاری سەرەکیی درێژبوونەوەی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی و ناتەباییی سیاسیی لایەنە عێراقییەکان. شیعە لە نێوان خۆیدا تووشی لێکترازان هاتوون. کورد چاوی لە بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبییە و نەیتوانیوە ئەو هەلەی بە هۆی ناکۆکیی لایەنە عێراقییەکان و لاوازیی حکوومەتی ناوەند بۆی ڕەخسابوو بقۆزێتەوە و کەڵکی لێ وەربگرێت بۆیە بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە کورد بەختی ئئەوەی لەگەڵ نەماوە کە جارێکی تر دەسەڵاتی لە کەرکووک بە دەستەوە بگرێتەوە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ ئەو چاودێرە سیاسییە لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: ساحەی سیاسیی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بۆچی پاش تێپەڕبوونی 5 مانگ ئێستاکەش حیزبە عێراقییەکان نەیانتوانیوە حکوومەتی نوێ پێک بهێنن؟

جویل وینگ: سیاسەت لە عێراق تووشی لێکترازان و دابڕان بووە. ئەو مەسەلەیە لە 2010وە پەرەی سەندووە. هاوپەیمانێتییەکان لێکترازاون و هاوپەیمانێتیی نوێ دێن و دەچن. ژمارەیێک لە ڕکابەرەکان دەمێننەوە. بۆ نموونە ئێستاکە لە نێوان شیعەدا سێ ڕەوتی سەرەکی هەن: یەکیان لایەنگری پێوەندیی لەگەڵ ئێرانە و لەلایەن هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاساشی لەگەڵە. مالیکی ماوەی دە ساڵە پشتگیریی بەدر و لایەنی سەر بە ئێران دەکات. بەڵام ئەو گرووپانە لە شەڕی دژبەداعشدا مالیکییان پەراوێز خست. بەڵام ئێستاکەش ئەو دوو لایەنە پشتئەستوورن بە یەکتر و ڕووبەڕووی حیزبەکەی عەبادی بوونەتەوە کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نزیکە. عەبادی هیوای ئەوەی بوو کە پاش شکست هێنان بە داعش و سزادانی کورد لە سەر کەرکووک دەتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بەڵام ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی بەسرە و دەنگی ناڕەزاییی فەتح و موقتەدا سەدر ڕەنگە چارەنووسی عەبادی بە شێوازێکی دیکە بنووسێت. گرووپی سێهەمی شیعە سایروونە کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. ناوبراو لەگەڵ عەمار حەکیم و ئەیاد عەلاوی و کۆمۆنیستەکان هاوپەیمانێتیی ڕاگەیاندووە. بنەماڵەکانی سەدر و حەکیم ڕکابەری یەکتر بوون و پێشینەی ڕکابەریەکانیشیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدام حوسێن.ئەو دوو حیزبە لەگەڵ میلیشیاکانی بەغدا و باشووری عێراق ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبوو. لە سەردەمی داگیرکرانی عێراقیشدا ئەو سێ لایەنە هاوکاریی یەکتریان نەدەکرد. ئێستاکە سەدر و حەکیم چەندین ساڵە هاوکاریی یەکتر دەکەن و ناچار بوون بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش هاوکاری عەبادی بن بەڵام سەدر داوای لە عەبادی دەکرد واز لە حیزبی دەعوە بهێنێت و عەبادییش داواکەی سەدری ڕەت کردەوە و ئێستەش بەو ناەزاییەی لە بەسرە و لە باشووری عێراق ڕووی داوە ڕەنگە سەدر کار بۆ پەراوێزخستنی عەبادی بکات.

کوردپرێس: پێتان وایە کورد تا چ ڕادەیێک کاریگەر بووە لە پێکنەهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق؟

جویل وینگ: ئەو ناکۆکییە لە نێوان سوننە و کوردیشدا دەبینرێت دیارە ئەو بابەتەش دەبێتە لەمپەر بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە بەر ئەوەی کۆمەڵێک لایەن و گرووپی عێراقی دژ بە یەکتر کار دەکەن. بۆ نموونە کورد بڕوای وایە دەتوانێت چاوەڕوانی لایەنە شیعییەکان بێت و کایە بە موناقەشەی نێوان سەدر-حەکیم و عامری- مالیکی بکات و پاشان دەوری یەکلاکەرەوە لە نێوان ئەو لایەنانەدا بگرێڕێت. مەیعوود بارزانیش ڕازی نییە بەوەی دیسانەوە عەبادی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران لە بەر ئەوەی عەبادی دژ بە ڕیفراندۆم بوو و پاش ڕیفراندۆمیش سزای سەپاند بە سەر هەرێمی کوردستاندا و ناوچەی جێناکۆکی داگیر کردەوە. ئێستا پێ دەچێت دوو لایەنی شیعی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق زۆر پێویستیان بە کورد نەبت و ساڵی 2014ش سناریۆیێک ڕووی دا کە کورد لەو کاتەشدا زۆر بە وریایی کاری نەکرد لەبەر ئەوەی وابیریان دەکردەوە کە بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆن و چیتر پێویستیان بە بەغدا نەماوە. بەڵام ئێستا کە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی قەیراناویدا تێدەپەڕێت و کەرکووکیش بە دەست دەوڵەت فیدراڵەوەیە کورد دیسان دەبێت ڕوو لە بەغدا بکاتەوە.

کوردپرێس:مەرجی کورد بۆ بەشداریکردن لە دەوڵەتی نوێی عێراق ئەوەیە دیسان بگەڕێتەوە کەرکووک و ناوچەی جێناکۆک بەڕای بەڕێزتان بەغدا مل بەو داوایەی کورد دەدات؟

جویل وینگ: کورد پێشتر کاری هەڵەی زۆری لە دانووستانەکانیدا کردووە و هەر بەو بۆنەیەشەوە بەختی ئەوەی لەگەڵ نەماوە کە دیسانەوە لە کەرکووک دەسەڵات بە دەستەوە بگرێتەوە و لەو ڕوویەشەوە کە پێ دەچێت لەیەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ پێویستیان بە هیچ حیزبێکی سەرەکیی کوردستان واتا پارتی و یەکێتی نەبێت چیتر کورد کارتی بەهێزی پێ نەماوە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنێت.

کوردپرێس: بەم دۆخەوە کە تێدەپەڕێت ئایا وێنای ئەوە دەکرێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کورد دیانەوە لە ناوچەی جێناکۆک ببێتەوە بە خاوەن دەسەڵات؟

جویل وینگ: کورد بەو دۆخەی ئێستاوە هەرگیز ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ناوچەی جێناکۆک بە دەستەوە بگرێتەوە. کورد لە قۆناغێکدا دەیتوانی لە لاوازیی دەوڵەتی ناوەند کەڵک وەربگرێت و ئاواتەکانی خۆی بە دی بهێنێت بەڵام کورد نەیتوانی هەلەکە بقۆزێتەوە و دەوڵەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر باری قەرزدا خنکاوە و زیاتر لە نیوەی داهاتی نەوتی لە دەست داوە و ناکۆکی و گرفتی قووڵ هەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی کە دوو حیزبی سەرەکی لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و لایەنە ناڕازییەکانیش ناتەبان. دیسانەوە دووپاتی دەکەمەوە کە کورد هیچ کارتێکی بەهێزی پێ نەماوە بۆ ئەوەی لە بەرانبەر بەغدا بەکاری بهێنێت.

کوردپرێس: بۆچی کورد نەیتوانیوە ناکۆکییەکانی وەلا بنێت و بە یەک لیست بچێتە بەغدا؟

جویل وینگ: کورد لە بەر لووتبەرزیی دوو حیزبی پارتی و یەکێتی نەیتوانیوە بە یەکڕیزی کار بکات. ئەو کاتەی ویلایەتی بارزانی کۆتایی هات ئامادە نەبوو لە دەسەڵات بکشێتەوە و خۆسەرانە سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی لە دەسەڵات دوور خستەوە. ئەوەش قەیرانێکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان خولقاند و ئێستاکەش کۆتاییی پێ نەهاتووە. یەکێتی حەزی دەکرد لەگەڵ گۆڕان پێکەوە کار بکەن بەڵام ئێستا ئەو پێوەندییەش نەماوە. یەکێتی لە هەڵبژاردنەکەی پەڕلەمانی عێراقدا تەزویر و ساختەکاریی کردووە و ئەوەش ناکۆکی و گرفتەکەی قووڵتر کردەوە. ئەو ناکۆکییەش وای کرد کورد ببێتە سێ بلۆکی سەرەکی و دوو حیزبی پارتی و یەکێتی هەوڵ دەدەن نفووزی خۆیان بهێڵنەوە. بە ئوپۆزسیۆن دەڵێن دەبێت ئێوە بێنە ڕیزی ئێمەوە بەڵام گۆڕان و هاوپەیمانی و حیزبە ئیسلامییەکان ئامادە نیین ئەو کارە بکەن.

کوردپرێس: هۆی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی بەسرە و باشووری عێراق چی بوو؟ ئایا دەتوانین بڵێین پێگە و دۆخی هەرێمی کوردستان باشترە چوونکە ئەو ناڕەزاییانە لە نێو هەرێمی کوردستان نەبوو؟

جویل وینگ: باشووری عێراق لانی کەم لە حەوت ساڵی ڕابردووەوە ناڕەزایی دەردەبڕێت. ئەو ناوچەیە بە گشتی لە لایەن دەوڵەتی ناوەندەوە ئیهمال کراوە. خزمەتگوزار نییە. داهاتی خەڵکەکە کەمە و گەندەڵی و ناکارامەییی ئیداری لە ناوچەکەدا شەپۆل دەدات. دەوڵەتی عێراقیش تەنها وەعد و بەڵێن دەدات و هێزی ئەمنی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزاییەکان دەنێرێت. بەڵام هەرێمی کردستانیش لەو ساڵانەی دواییدا ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵکی بە خۆوە بینیوە لە بەر ئەوەی حکوومەتی هەرێم نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەران دابین بکات و دۆخی ئەوانیش وەکوو خەڵکی ناوچەی باشووری عێراق باش نییە.

کوردپرێس: خوێندنەوەتان بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان کە بڕیارە 30ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت چییە؟ ئایا ئەو هەڵبژاردن باڵانسی دەسەڵات لە هەرێمدا دەگۆڕێت؟

جویل وینگ: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆمەتی ئەوەی خراوەتە پاڵ کە لە هەڵبژاردنەکەی 12ی ئایاری پەڕلەمانی عێراقدا تەزویری کردووە و ئەوەش وا دەکات گومانی لە سەر بێت بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەڕلەمانی کوردستان. لایەنە ناڕازییەکانیش گرفت و ناکۆکیی قووڵیان هەیە و ئەگەر بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن ئەوا ناتوانن دەنگێکی ئەوتۆ بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی هەژموونی و دەسەڵاتی دوو حیزبی یەکێتی و پارتی بگۆڕن.

دیمانە: بەشی جیهان/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

داگرتن و وەرگێڕان: بەشی کوردیی کوردپرێس

News Code 38112

Your Comment

You are replying to: .
captcha