کوردپرێس:
سەرچاوە میدیاییەکان کە کاری ڕووماڵی هەواڵ لە سووریا دەکەن باسی پەرەسەندنی جووڵەی سەربازیی تورکیا و میلیشیا سوورییەکانی سەر بەو وڵاتە دەکەن و لە نموونەیێکی ئەو جووڵەیەش ئاماژە بە هێرشی درۆنە تورکییەکان لە ئاسمانی شارەکانی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا و بانگ کردنی میلیشیاکان بۆ ئامادەباشی بە مەبەستی شەڕی دژ بە هێزە کوردییەکان دەکەن.
ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ کە لە بەریتانیایە ڕاپۆرتێکی لەو بارەیەوە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند میلیشیاکانی سەر تورکیا لە کانتۆنی داگیرکراوی عەفرین لە باکووری خۆرئاوای سووریا هێزەکانیان بۆ گواستنەوە بەرەو شاری سەرێکانی بانگ کردووە. شاری سەرێکانی لە هێرشەکەی ساڵی 2019ی تورکیا میلیشیاکانی سەربەو وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتی کوردی سووریا دەرهێنرا.
سەنتەری هەواڵگریی ڕۆژئاوا کە سەنتەرێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتییە بۆ تاوتوێ کردنی ڕووداوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی هێرشی درۆنە تورکییەکانی کردووە بۆ ئاسمانی شارەکانی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا وەک مقامیشلۆ و کۆبانێ.
ویم زویننبرگ هەواڵنێری ئەندامی دەستەی نێودەوڵەتیی لینگ کەت چەند وێنەیێکی لە پەیجی تویتەری خۆی بڵاو کردۆتەوە و باسی جێگیرکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە سنووری سووریا دەکات.
سوپای تورکیا لەو ڕۆژانەی دواییدا هێرشی درۆنەکان دژی کوردەکانی سووریای زیاد کردووە. ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیش باسی پەرەسەندنی تەنگەژەی نێوان هێزە کوردییەکان و میلیشیاکان لە دەوروبەری تەل ڕەفعەت دەکات.
Your Comment