ئه‌سته‌مه‌ کورد به‌ یه‌کڕیزی بچێته‌ به‌غدا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شێرکۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆکی لیستی ئیسڵاح له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا گوتوویه‌تی: به‌م دۆخه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ کورد به‌ یه‌کڕێزی بچێته‌ به‌غدا و ده‌شڵێت: هۆکاری داواکارییه‌کان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و ڕای گشتی له‌ هه‌رێم نیگه‌رانن له‌ ته‌زویر و ساخته‌کاریی هه‌ڵبژاردن.

کوردپرێس: پاش ئه‌وه‌ی دانووستانی دوو ساڵه‌ی سێ حیزبی ئیسلامیی هه‌رێمی کوردستان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتنێک له‌پێناو داڕشتنی نه‌خشه‌ڕێگا و ئه‌جیندای هاوبه‌ش له‌باره‌ی یه‌کڕیزی یان پێکهێنانی هاوپه‌یمانی یان لانی‌که‌م به‌شداری کردن له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراقی و کوردستانی به‌ لیستی هاوبه‌شه‌وه‌ ئه‌نجامی نه‌بوو یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ بێ به‌شداریی کۆمه‌ڵی ئیسلامی لیستی ئیسڵاحیان پێکهێنا بۆ به‌شداری کردن له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان که‌ بڕیاره‌ 30ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ ده‌نگۆ و ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان زیادی کردوووه‌.

شێرکۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆکی لیستی ئیسڵاح له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌باره‌ی هه‌ڵوێست و ئاماده‌کاریی ئه‌و لیسته‌ بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: ئێمه‌ ئاماده‌کاریمان بۆ بانگه‌شه‌ کردوووه‌ و هه‌موو شتێک بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئاماده‌یه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی وت: ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌رێکی لاوازه‌. لیستی ئیسڵاحیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پێویستی ده‌زانێت هه‌ڵبژاردن له‌ کاتی خۆیدا ئه‌نجام ببێت ئاماده‌کاریی کردوووه‌ و له‌ هه‌مان کاتیشدا لایه‌نه‌کانی دیکه‌ سه‌ردانیان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بکه‌ن له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردن.

شێرکۆ جه‌وده‌ت له‌باره‌ی تێبینییه‌کان له‌سه‌ر تۆمار ده‌نگده‌ران و کاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌کان و پێداگریی لیستی ئیسڵاح بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ کاتی خۆیدا ئاشکرای کرد: هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان چه‌ند جارێکه‌ به‌ ده‌ست ته‌زویر و ساخته‌کاریی زۆره‌وه‌ ده‌ناڵێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بێ‌متمانه‌یییێکی زۆر هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ش وای کردوووه‌ لایه‌نه‌کان بۆ ئه‌م جاره‌ش به‌ چاوی گومان و ساخته‌کارییه‌وه‌ سه‌یری پڕۆسه‌که‌ بکه‌ن و هه‌موو هه‌وڵێک بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌مترین ساخته‌کاری بکرێت. یه‌ک له‌و ده‌روازانه‌ی که‌ ڕێ خۆش ئه‌کات بۆ ساخته‌کاری، تۆماری ده‌نگده‌رانه‌ که‌ سه‌د له‌سه‌د پاک نه‌کراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌بێته‌ ڕێگایێک بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی‌تر بتوانێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ چه‌ند ده‌نگێک بدات ئه‌وه‌ش هۆکارێکی‌تره‌ که‌ ئه‌بێت چاک بکرێت و جێی تێبینی و سکاڵای لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانیش بوووه‌ و ئێمه‌ش خۆمان تێبینیمان هه‌یه‌ و به‌ فه‌رمی ئاڕاسته‌ی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێممان کردوووه‌.

سه‌رۆکی لیستی ئیسڵاح له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌و لیسته‌ له‌ ئه‌گه‌ری ساغ نه‌کرانه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: ئه‌وه‌ له‌ کاتی خۆیدا هه‌ڵوێستی به‌ سه‌ر ڕاده‌گه‌یێنین به‌ڵام ئێستا چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی کۆمیسیۆنین بۆ ئه‌و تانه‌یه‌ی تۆمارمان کردوووه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق و کارتێکه‌ریی پڕۆسه‌که‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ئاشکرای کرد: پڕۆسه‌که‌ کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیشی ده‌بێت. ڕاسته‌وخۆکه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌غدا وه‌کوو سێبه‌ری دره‌ختی هه‌رێمی کوردستان وایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمدا ئه‌و ته‌بایییه‌ هه‌بێت کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر یه‌کڕیزیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردستانییه‌کان هه‌بێت. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌و په‌رته‌وازه‌یی و بڵاوه‌یییه‌ی ئێستا هه‌یه‌ کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ئه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و قورسایی سه‌نگی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردستانییه‌کان له‌ به‌غدا.

شێرکۆ جه‌وده‌ت له‌باره‌ی پێگه‌ی کوردیشه‌وه‌ له‌ به‌غدا ڕای‌گه‌یاند: ئه‌گه‌ر کورد به‌ یه‌ک وتاری دروست و یه‌ک پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش بچێته‌ پێشه‌وه‌ سه‌نگی له‌ به‌غدا و حوکمڕانیی داهاتوودا زیاتر ده‌بێت به‌ڵام ئاسان نییه‌ یه‌کڕیزییێکی وا بێته‌دی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37876

Your Comment

You are replying to: .
captcha