بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "بە گەرمی پێشوازی لە پشتیوانیی دۆست و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم بۆ ئاسانکاری کردن لە پێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و باوەڕپێکراو، بە تایبەتی ناردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق ( UNAMI) و یەکێتی ئەورووپا و لایەنەکانی تر".
مەسروور بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوە داوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەدات کە ئازادی گەڕان و هاتوچۆی تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتیی دابین دەکات و هانیان دەدات کە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکەن، لە نێویشیاندا ناوچە جێناکۆکەکان. ئەم پشتیوانیەش زۆر گرنگە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".
ناوبراو هەروەها دەشڵێت: "گرنگە کاندیدەکان، بەبێ ترس و دوور لە توندوتیژی و تۆقاندن و بە ئازادی کەمپین بکەن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن، ئەنجامێکی دیموکراتيانەی ڕاستەقینەی بۆ هەموو عێراقییەکان و دۆستەکانی عێراق لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ بەرهەم بێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خوازيارە دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن، تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتیی و هاوبەشەکانمان، ڕاسپاردەی پێویست بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە سەرتاسەری عێراقدا، پێشکەش بکەن".
Your Comment