چەند وڵات بەیاننامەیێکی هاوبەش لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاو دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوازدە وڵات بەیاننامەیەکی تایبەتیان بە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێن، "پێشوازی لە رێکارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٠ی١٠."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەیاننامەکە پێک دێت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، دەنیمارک، فیلەندا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا، نیوزلەندا و نەرویج و تیایدا پشتگیری خۆیان بۆ ئامادەکارییەکانی حکوومەتی عێراق لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێراق دەردەبڕن.

لە بەیاننامەکەدا رایانگەیاندووە، "ئەم هەڵبژاردنە هەلێکە بۆ دەنگدەرە عێراقییەکان بۆ بڕیاردان لە داهاتوویان بەرەو کەشێکی دیموکراسی."

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، "بەگرنگییەوە دەڕوانینە ئەم ساتە مێژوییە لە عێراقدا، وەکوو جێبەجێ کردنی داواکاری گەلی عێراق، هەربۆیە کۆمەک و هاوکارییەکی گەورە ئامادەکرا بۆ پاڵپشتی کردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لە ١٠ ى تشرینی یەکەمی داهاتوودا."

دەشڵێن، گەلی عێراق لە ئێستادا هەلێکیان لەبەردەستە بۆ جێبەجێ کردن و پەسەن کردنی داواکارییە سەرەکیییەکانیان لە کاتی دەنگداندا، ئێمەش پشتیگریەکی تەواوی حکوومەتی عێراق دەکەین لە پێناو دابین کردنی کەشێکی ئارام و ئازاد و دادپەروەرانە، کە تەواوی گەلی عێراق بگرێتەوە و لەنێویشاندا کچان و کوڕان، کە هەمیشە رووبەڕووی توندوتیژی دەبوونەوە وەکوو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە چاکسازی."

ئاماژەیان بەوەش کردووە، "لەهەمان کاتدا ئێمە پشتگیری حکوومەتی فیدڕاڵی دەکەین بۆ بەشداری کردنی ئەو کەسانەی کە ئاوارە بوون لە ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئارام دەنگ بدەن و داواکاریشین لەسەرجەم لایەنەکان رێز لەسەروەری یاسا و ژینگەی پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە بگرن."

News Code 3606

Your Comment

You are replying to: .
captcha