بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە مستەفا کازمی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم رەئیسی، بەغدای بەجێهێشت و بەرەو تارانی پایتەخت بەڕێکەوت.
کازمی بەر لە بەڕێکەوتنی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "سەردانەکە بەئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کردنەوەی زیاتری دەرگای هاوکاریە لەبوارە جیاجیاکاندا و تیشک خستنەسەر قووڵایی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتی دۆستە".
ئەوەشی خستەڕوو، عێراق بە پتەو کردنی شەراکەتی ستراتیژی بە پێی بنەماکانی پشتگیری سەقامگیری و هاوکاری و دۆستایەتی، لە پێناو چەسپاندنی بنچینەکانی ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا سەرکەوتوو بووە.
هەورەها لەو سەردانەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئێران کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی دۆسیەی بەرژەوەندیی هاوبەش و هەوڵەکانی پشتیوانیی دەکات بۆ بڵاو کردنەوەی گەشەپێدانی بەردەوام و لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی عێراق و ئێران و هەروەها هاوئاهەنگی دوو قۆڵی.
Your Comment