بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نیوەڕۆى ڕۆژی سێشەممە 2021/9/7 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازىی لە جۆزێپ بۆرێل، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕاى هەڵسەنگاندنێکى بابەتیانە بۆ دۆخى عێراق، پەیوەندییەکانى یەکێتیى ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوانیان، پەیوەندى و کێشەکانى هەولێر- بەغدا، دیموکراسى و سیستمى فیدراڵى لە عێراق، مەترسییەکانى تیرۆر و هەڕەشە و کردارەکانى داعش، هەڵبژاردنەکان و داهاتووى سیاسیى عێراق، دۆخى ئاوارە و پەنابەران، مەترسى و کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا، دوایین پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەشیان، تاوتوێ کرد.
بۆرێل، وێڕاى پێزانینى یەکێتیى ئەورووپا بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنى داعش و پێشوازى لە ئاوارە و پەنابەران و پاراستنى پێکهاتەکان، بەردەوامیى پشتگیریى و هاریکاریى یەکێتیى ئەورووپاى بۆ هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
لاى خۆیەوە سەرۆکى هەرێم، ڕۆڵى یەکێتیى ئەورووپاى لە عێراق و هەرێمى کوردستان و یارمەتیدانیان بۆ بەهێزکردنى دامەزراوەکانى وڵات و چاکسازى و یارمەتیدانیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بەرز نرخاند و دووپاتى کردەوە کە کێشەکانى عێراق پێوستییان بە چارەسەرى سیاسى و بەرپرسیاریەتیى هاوبەش لەسەر بنەماى دەستوور هەیە.
دواى کۆبوونەکەش لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیى هاوبەشدا، باسیان لە ناوەڕۆکى کۆبوونەوە و تەوەرەکانى کرد.
لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانى سهرۆکی ههرێمی کوردستان گوتى:
بەخێرهاتنی جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا دەکەم بۆ هەولێر و بۆ عێراق، بە خێر بێن. ئەم سەردانە زۆر بەرز دەنرخێنین کە لە کاتێکی گرنگدا ئەنجام دەدرێت و نیشانەى پابەندیی یەکێتیی ئەورووپایە بەرامبەر بە عێراق و هەرێمى کوردستان.
لەسەر کۆمەڵێک پرس گفتوگۆمان کرد، لەوانە: ئاسایش و سەقامگیرى، پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق، پەیوندى و کێشەکانى هەولێر و بەغدا، شەڕی دژی داعش و هەڕەشەکانى، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و گرنگیى بەشداریى تیمەکانى یەکێتیى ئەورووپا بۆ چاودێرى دۆخی ناوچەکە، پرسى کۆچ و چەند بابەتی دیکەى جێی بایەخی هاوبەش.
سوپاسی وڵاتانى یەکێتیی ئەورووپا دەکەین بۆ پشتگیریى عێراق و هەرێمى کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا، هەروەها بۆ یارمەتیی مرۆیییان. یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێگەی بەرنامەکانی پەرەپێدانەوە لەسەر چەندین ئاستی جیا بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ پەرەپێدان بە توانا مرۆیییەکان، هاوکارییان کردووین.
گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەری بەسەر تێکڕای گۆی زەویدا هەیە و ئێمەش لە دەرەوەى ئەو کاریگەرییە نین. تا دێت ڕوونتر دەبێتەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ئاسایش و پێشکەوتنی عێراق مەترسییە.
خۆشحاڵین کە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان لە پەیمانی پارێزگارانی ئەورووپا بوونەتە ئەندام، بە هۆی ئەوەی کە بە پشتگیریى یەکێتیی ئەورووپا، پلانی خۆگونجاندنی کەشوهەوا و وزەیان، پەرە پێداوە.
یەکێتیی ئەورووپا هان دەدەین کە بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنى هەوڵەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرنگاربوونەوەی کاریگەرییە تێکدەرەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
هەروەها داواى لێدەکەین بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانى دەوڵەت، چاکسازى، بەرقەراریی یاسا، فەرمانڕەواییی دروست، تواناسازیی ژنان و لاوان، هاریکارى لە بوارى ئەکادیمى و زانکۆیی و بەرەوپێشبردنى بوارەکانی کارگێڕیى دارایى و کاروبارى دادوەریدا، پشتگیریمان بکەن. داواکارین هاوکار بن تا هەرێمى کوردسان لە هەموو ڕوویەکەوە لە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق و یەکێتیى ئەورووپا، سوودمەند بێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێ جارێکی دیکە پابەندیی خۆمان لە پەرەپێدان بە بەها هاوبەشەکانمان: دیموکراسی، ئازادیی ڕادەربڕین، ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و پاراستنى پێکهاتەکان، دووبارە بکەمەوە. … زۆر بەخێر بێی.
پاشان جۆزێپ بۆرێل، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا گوتى:
خۆشحاڵم کە گەشتەکەم بۆ عێراق لەم هەرێمە، هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆتایی پێدێنم، چوونکە ئەستەمه سەردانی عێراق بکەیت و بایەخێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان نەدەیت. ئێمە گفتوگۆیێکی پڕ بەرهەممان هەبوو لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جێی بایەخی هاوبەش کە جەنابی سەرۆک ئاماژەی پێ دا. ئێمە دەزانین ئەم هەرێمە لە ڕابردوودا بە کێشەی زۆردا تێپەڕیوە و زۆر لەم ئاڵنگارییانە هێشتا ماون. من لێرەوە بە ناوی یەکێتیی ئەورووپاوە هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆمان دەردەبڕم. یەکێتیی ئەورووپا دۆست و هاوبەشە و هەروایش دەمێنێتەوه.
لەم کاتە سەختانەدا، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا دەگێڕێت، هەر بۆیە ئێمە بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دەستەڵاتە فیدراڵییەکان لە بەغدا دەدەین. ئێمە لە سەختییەکان تێدەگەین و هانی هەموو هەوڵەکان دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دەستەبەرکردنی هاوکاری، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەی هەموو هاوکارییەکین.
لە گفتوگۆکانم لەگەڵ جەنابی سەرۆکدا، دەرفەتی ئەوەم هەبوو پێزانین و ستاییشی خۆم بۆ یارمەتیی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیى دژی داعش بگەیەنم. پشتگیریى گرنگی خەڵکی کوردستان، کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی هەبووه لە شەڕی دژ بە داعشدا. ئێمە لە یەکێتیی ئەورووپا بە تەواوی پابەندی ئەو هاوپەیمانییه جیهانییەین.
شەڕی دژی داعش بە داخەوه کۆتاییی نەهاتووه، هێرشەکان بەم دواییە هەروا بەردەوامن، هەر بۆ ئەم مەبەستە خۆشحاڵم ڕابگەیەنم کە لەم هاوینەدا ئێمە ئەرکی ڕاوێژکاریی خۆمان لە عێراق بە کردنەوەی شوێنێکی هەمیشەیی لە هەولێر فراوان کردووە. تیمەکەی ئێمە ئامادەیە ڕاوێژ و کاری پسپۆڕی لە بواری ئاسایشی مەدەنیدا پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات. ئەم ئەرکه نوێیە لەو شوێنانەدا دەستی پێکردووه کە پشتگیریى ئێمەیان پێویستە.
هەروەها پێزانینم بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى بۆ ئەو جوامێرى و بەرپرسیاریەتەى بەرامبەر زۆر کەس و زۆرێک لە ئاوارەکانى ناوخۆى دەستى داعش نیشانتان دا کە لە نێویاندا زۆر لە خەڵکى مەسیحى و ئێزدى هەبوون. جەنابى سەرۆک، هەوڵەکانتان زۆر بەرچاون، ئێوە لە ماوەى شەش مانگدا توانیتان پێشوازى لە دوو ملیۆن ئاوارە بکەن کە دەکاتە سێیەکى ژمارەى دانیشتوانى هەرێمى کوردستان، باوەڕ ناکەم لە هیچ شوێنێکى دیکە نموونەى کارێکى وا گەورەى پێشوازى و هاوکاریکردنى خەڵک هەبێت.
دەزانم ئەمە زۆرى تێدەچێت، بۆیە دەبێ ستایشى جەنابتان و خەڵکى کوردستان بکەم بۆ ئەو هەموو هاریکارییە. هەوڵ دەدەین ئەوەى لە توانانماندا بێت، یارمەتیتان بدەین، لە ساڵى 2019ـەوە تا ئێستا نزیکەى 240 هەزار کەس لە عێراق لە خزمەتگوزارییەکانى یەکێتیى ئەورووپا لە کەمپەکان سوودمەند بوون، پشتگیریش لەو پرۆژانە دەکەین کە دەبنە هۆى باشترکردنى پەیوەندیى نێوان ئاوارەکان و خەڵکى ناوچەکە.
هەروەها دەرفەتمان هەبوو گفتوگۆ لەسەر چەندین پرسى ناوچەیى بکەین کە جێى بایەخى هابەشمانن. ئەم ناوچەیە لە جوگرافیایەکى ئاڵۆزدا هەڵکەوتووە، هەر لەم چوارچێوەیەدا دوایین پێشهاتەکانیش وەک ئەوەى ئەفغانستان ڕەچاو دەکەین، باسمان لە دۆسیەى کۆچ کرد کە بۆ ئێمە و ئەندامانى یەکێتیى ئەورووپا گرنگە.
جەنابى سەرۆک، بە گفتوگۆمان دەربارەى مافەکانى مرۆڤ خۆشحاڵ بووم، لەسەر گرنگیى ئازادیى ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن هاوڕا بووین وەک بەشێک لە دیموکراسییەکى تەندروست بۆ کۆمەڵگەیەکى مەدەنیى ژیاندۆست و خاوەن ڕۆڵێکى کارا لەسەر بنەماى یاسا ناوخۆییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. میدیاى ئازاد و سیستەمى دادپەروەرى قەزا، بنەماى کۆمەڵگەیە.
ئەمانە پەیامەکانى کۆبوونەوەم بوون لەگەڵ جەنابى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان. لەمەودوا پێشبینى هاوبەشییەکى پتەوتر لەگەڵ ئێوە دەکەم و هیوادارم دەرفەتى دووبارە سەردانى ئەم ناوچە جوانەیەم هەبێت.
Your Comment