سەرباری ئەوەی یەپەگە ڕەتی کردەوە کە هێرشی کردبێتە سەر هێزی پێشمەرگە؛

مەسروور بارزانی: ئیدانەی هێرشی یەپەگە بۆ سەر پێشمەرگە دەکەین/ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دڵنیایی بدەن کە ئەو دەستدرێژییانە دوبارە نابنەوە

لەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، هێرشی ژمارەیێک لەگەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بۆسەر هێزی پێشمەرگە ئیدانە دەکەن و داواش لە دۆست وهاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن، دڵنیایی بدەن کە یەپەگە ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دوبارە ناکاتەوە.

کوردپرێس:

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "شەوی ڕابردوو گرووپێک لە چەکدارانی یەپەگە هەوڵیاندا بە شێوەیێکی نایاسایی لە سووریاوە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساکانی ئێمە و یاساکانی پاراستنی سنوورە، بۆیە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانمان ڕێگرییان لێکرا، دواتر ھێزێکی زۆرتری یەپەگە، بە چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر بنکەیێکی پێشمەرگە و ، هێزی پێشمەرگەش ، دەمودەست وەڵامیان دانەوە و هێرشەکەی یەپەگەیان تێکشکاند".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "من بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەم کە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و یاسایی خاکی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

داوا دەکەین دڵنیایی بدرێت کە یەپەگە ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دوبارە ناکاتەوە

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕو، "داوا لە دۆست وهاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەم، دڵنیایی بدەن کە یەپەگە ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دوبارە ناکاتەوە و ڕێگەش نەدەن یارمەتیی وڵاتانی بیانی بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ھەرێمی کوردستان بەکاربھێنن. بێگومان دووبارەبوونەوەی ھەر ھێرشێکی لەم شێوەیە، زیانی زۆر بە ئاسایشی ناوچەکە دەگەیەنێت".

ئەمڕۆش یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) تۆمەتەکانی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی رەتکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی ئەوان هیچ هێرشێکیان نەکردوەتە سەر پێشمەرگە.

میدیاکانی نزیک لە یەپەگە لەزاری سەرچاوەیێکی باڵاوە بڵاویان کردەوە، "تۆمەتەکانی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بەدرۆ دەخەینەوە و ئەو قسانە دوورن لە ڕاستییەوە".

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "شەوی رابردوو روداوێکی چاوەڕواننەکراو لەسەر سنوری عێراق و سوریا رویدا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، لە کاژێر 01:00ی شەو مەفرەزەیێکی چەکدارانی پەکەکە هەوڵی دەربازبوونی نێو هەرێمی کوردستانیاندا بە رێگەیێکی قاچاخ و ناڕەوا،

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێزەی لە وسوریاوە هات لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بینران، کە ئەرکی ئەوان ماوەی چەند ساڵێکە لەسەر ئەو سنوورە بەردەوامە، هەموو خەڵکی کوردستان و هەومو لایەنە سیاسییەکانیش ئەوە دەزانن کە "ئێمە دەرگەی فەرمیمان بۆ هاتوچۆ و هاوئاهەنگی بۆ بەیەکەوەگرێدان لەگەڵ کوردستانی سووریا هەیە، بەڵام ئەو چەکدارانە بەشێوەیێکی قاچاغ هەوڵیان دا لە ئاو بپەڕنەوە، کاتێک لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانییەوە دەبینرێن، دوای ئەوەی دڵنیا دەبنەوە کە ئەمانە خەڵکی سڤیل نین، ئەو خەڵکانە نین کە دەیانەوێت لەو رەوشەی لە رۆژئاوا هەیە دەرباز ببن و بەرەو هەرێمی کوردستان بێن".

News Code 331

Your Comment

You are replying to: .
captcha