بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا سەید محەمەد سەعید حەکیم پەیامی سەرەخۆشی بڵاو دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەبۆنەی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا سەید محەمەد سەعید حەکیم؛ هەریەک لە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرەخۆشییان بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی له‌ په‌یامێکدا سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی ئایەتولڵا سەید محەمەد سەعید حەکیم ده‌کات و ڕایدەگەیێنێت "بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی مەرجەعی پایەبەرزی ئایینی ئایەتولڵا عوزما سەید محەمەد سەعید حەکیم-مان پێگەیشت. پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی جیهانی ئیسلام و گەورە مەرجەعەکان و خانەوادەی بەڕێزی حەکیم دەکەین".

لە خودای گەورە داواکارین سەبر و ئارامیان پێ ببەخشێت و ڕۆحی خوالێخۆشبوو بباتە بەر ڕەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی بەرین شادی بکات.

لای خۆیەوە مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ی محەمەد سەعید ئەلحەکیم ده‌كات و ڕایدەگەیێنێت "بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵای عوزما سەماحەتی سەید محەمەد سەعید ئەلحەکیم-م بیست، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و پەیڕەوکارانی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم".

خوای میهرەبان گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت".

هەروەها نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشیدا بۆ كۆچی دواییی ئایه‌توڵڵا سه‌ید محه‌مه‌د سه‌عید ئه‌لحه‌كیم، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی ئال حه‌كیم و مه‌رجه‌عه‌ ئایینییه‌کان و گه‌لی عێراق كرد و هیوای خواست خوای گه‌وره‌ گیانی خوالێخۆشبوو به‌ میهره‌بانیی خۆی شاد بکات.

هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵ و خه‌باتی ئایه‌توڵڵا ئه‌لحه‌كیم کرد له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زۆرداری و ده‌سته‌به‌ركردنی برایه‌تی و خۆشه‌ویستی و لێبورده‌یی له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقدا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3266

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha