سیخووڕی کردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیێکدا لەگەڵ ژمارەیێک سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتى رایگەیاند، سیخووڕی کردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە لە هەرێمی کوردستان بنبڕ دەکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ئاماژەى بەوەش کرد، گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەیانەوێت ژینگەیێکی لەبار و ئارام بۆ خەڵک دەستەبەر بکەن و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەن.

هاوسەرۆکى یەکێتى جەختی کردوەتەوە کە هیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نەبێت و هەمووان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن. پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆیان دەزانن و دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان کاری لەپێشینەیان دەبێت.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد وەکچۆن لە رابردوودا هاوکار و پشتیوانی یەکێتی بوون، داواتان لێدەکەین ئێستاش بەھەمان رۆحییەتەوە لەگەڵمان بن و پێکەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێین.

لەبەشێکى دیکەی قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانى رایگەیاند، چیتر دەستەگەری و کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی قبووڵ ناکەین. لێدان لە سەروەری یاسا و سیخووڕی کردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەین و هیچ کەسێکیش نابوورین و رادەستی دادگای دەکەین.

لای خۆیەوە مەلا سامان سەنگاوی یەکێ لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی نێوان بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت بە شارپرێسی رایگەیاندووە: داوام کرد چاکسازییەکان هەموو سێکرتەرەکان لە حزب و حکومەتدا بگرێتەوە بەبێ جیاوازی، هەروەها پێمان ڕاگەیاندن کە یەکلایکردنەوەی کێشەکان بە زەبری هێز نابێت و دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن و چارەسەری کێشەکانتان بکەن.

سەنگاوی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان لە وەڵامدا وتیان تائێستا ڕێگری هەبووە بۆیە چاکسازی نەکراوە، بەڵێنی ئەوەیاندا لە کێشەکانیاندا هێز بەکارنەهێنن و بە جدی ئیشبکەن بۆ چاکسازی، گەندەڵی بنەبڕبکەن، بەڵێنی ئەوەیاندا بەبێ جیاوازی چاکسازی لە حزب و حکومەتدا بکەن، بەتایبەت لە ئیدارەی سلێمانیدا بەڵێنی تەواویاندا چاکسازی بکەن و وتیان ئەو چاکسازییەی دەیکەن دەبێت هەموو هاوڵاتییەک مافی خۆی وەربگرێت و ژیانێکی شایستەی هەبێت.

ئەو مامۆستایە ئاینییە دەشڵێت: هەر لەسەر پرسی چاکسازی کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت وتی: تکاتان لێدەکەین ئێوەمان بانگکردووە هاوکارمانبن، بەیانی کەسێک لادەدەین تەلەفونمان بۆ واستە و واستەکاری بۆ مەکەن و پشتگیرمانبن و ڕێگرمان مەبن.

لەبارەی چارەنوسی لاهور شێخ جەنگیەوە مەلا سامان سەنگاوی وتی: هەردوو تاڵەبانییەکە هیچ شتێکیان نەوت، بەڵام هەندێک گلەی و گازندەیان هەبوو، وەکوو ناو ناویان نەهێنا.

سەبارەت بە پرسی ژەهرخوارکردنی بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکرا و هەندێک شت هەبوو، بەڵام بە تەواوی نەیان وت و دەڵێت: بانگهێشتی ئێمە بۆ ئەوە بوو کە پێمان بڵێن ئەو کارەمان کردووە لەبەرئەوەی ئەمانە ڕوویداوە، کاک بافڵ باسی ژەهر خواردنی نەکرد و تەنها کاک قوباد ئاماژەی پێکرد، بەڵام ناتوانم بڵیم چی وتووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2993

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha