بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووەمین کۆبوونەوەی هاوپەیمانی کوردستان لە مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکە هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە و دەرباز محەمەد بڕیاردەری هاوپەیمانێتییەکە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد.
قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند: "لەم کۆبوونەوەیەدا باسی میکانزمی چۆنێتی کارکردنی هاوپەیمانێتییەکەمان کرد، ئەرکەکانمان دابەش کرد بەسەر لیژنە هاوبەشەکان، خۆتان دەزانن بانگەشەکان دەستیپێکردوە، بۆیە ئێمە لەم قۆناغە هەموو هێز و رێکخستن و جەماوەرمان دەخەینە گەڕ لە پێناو سەرخستنی هاوپەیمانێتیەکەمان تاوەکوو باشتر خزمەت بگەیەنین بە دانیشتوانی کوردستان و عێراق".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشە کرد، "ئێمە دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنینەوە و پێکەوە بە بەهێزی لە بەغدا بەرگری لە مافی خەڵی کوردستان بکەین، بتوانین بە یەکگرتوویی لەژێر یەک چەتر بەرگری لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بکەین".
هاوکات دەرباز محەمەد، بڕیاریدەری هاوپەیمانی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "ئەم هاوپەیمانیە یەکەمجارە لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دەبەسترێت، بنەمای سەرەکی ئەم هاوپەیمانیە ئارامی و گەڕانەوەی ئومێدە بۆ پڕۆسەی سیاسی، کە لە ماوەی رابردوودا بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان و ئەو پەیوەندیەی لەگەڵ بەغدا هەبووە کە لە یەکەم رۆژەوە وتوومانە کورد دەبێت بە یەکەوە بێت، بۆ ئەوەی بەهێز بێت".
ناوبراو باسی لەوەش کرد، "پێمانوایە ئەو هاوپەیمانیە رێگەیێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین گوتارێکی یەکگرتووی کوردستانی ئامادە بکەین".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment