بڕیاری پەرلەمانی بەلجیکا بۆ بە ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، دڵی هەموو ئێزدی و کوردستانییێکی خۆش کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی بەلجیکا بۆ بە ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان رایگەیاند، ئەو بڕیارە دڵی هەمو ئێزدییێک و کوردستانییێک و ئازادیخوازێکی خۆش کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوڕکردەوە و رایگەیاند: "سوپاس پێزانینمان ئاڕاستەی پەرلەمانی بەلجیکا بە بۆنەی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان وەک جینۆساید دەکەین و دەستی یەکەبەیەکەی ئەو پەرلەمانتارانە دەکوشین کە دەنگیان بەو پرسە ڕەوایەدا، پرسێک کە ویژدانی تەواوی مرۆڤایەتیی هەژاند".

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەروەها سوپاسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی بەلجیکا دەکەن، بەتایبەتی ڕۆڵی سەرۆکی لیژنەکە جۆرج دالیمانگ ئەو کاتەی کە بەیەکەوه‌ لیژنەکەی ئەوان لە گفتوگۆیەکیاندا لەو بارەیەوە پێش نۆ مانگ لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، "هەستمان کرد بە دڵێکی گەرمەوە خۆی و هەڤاڵانی لە لیژنەی ناوبراو دەیانەوێت ئەو پرسە سەرەتا لە پەرلەمانی خۆیان بورووژێنن و دواتر لە پەرلەمانی ئەورووپا، ئەوە بو پڕۆژەبڕیارێکیان لەوبارەیەوە بۆ "ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان وەک جینۆساید" پێشکەش بە پەرلەمانەکەیان کرد.

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستان باسی لەوەش کرد، "ئەو بڕیارە دڵی هەموو ئێزدییێک و کوردستانییێک و ئازادیخوازێکی خۆش کرد، کە ئامانج لێی چەسپاندنی مافی یاسایی و مەعنەوی و مادیی خوشک و برا ئێزدییەکانە دەرهەق بەو تاوانە گەورە و قیزەوەنەیە کە لە بەرامبەریان کرا".

ئەوەشی خستەڕوو، "هیوادارین ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی بەلجیکا هاندەرێک بێت بۆ پەرلەمانانی وڵاتانی دیکەش تا هەمان هەنگاو بگرنە بەر و ئەرکی دادپەروەری بەرامبەر بە قوربانیانی کەیسەکە و کەس و کاریان جێبەجێ بکەن تا ڕەوتی ئازادی لە سەرانسەری جیهان لە هەمبەر ڕەوتی دڕندەیی و ستەم سەرکەوێت و جیهانێکی دور لە تاوان و کۆمەڵکوژی ئاوا بکرێت، هەمیش حکوومەتی عێڕاق بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتیی یاسایی و بە ئەرکە یاساییەکانی خۆی لەو ڕووەوە هەڵسێت".

لە سێی (ئاب/8)ی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆمەڵکوژییەکەدا نزیکەی 5 هەزار کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە کوژراون و بە هەزاران کەسیشیان رفێنراون کە تاوەکوو ئێستا چارەنووسی هەندێکیان نادیارە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2779

Your Comment

You are replying to: .
captcha