بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر لە لێدوانێكیدا بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاندووە، پێویستە لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا دۆسیەی پێشمەرگە چارەسەر بكرێت و ئەو كێشەیە لە نێوان بەغدا و هەولێر یەكلا بكرێتەوە، هەروەها دەڵێت، ئەمەریكا لە هاوكاری كردنی دارایی و پێدانی چەک و تەقەمەنی بە هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە.
جەبار یاوەر جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و ھەولێر لەسەر دۆسیەی پێشمەرگە كردەوە و لەوبارەیەوە وتی: "لە دامەزراندنەوەی حكوومەتی نوێی فیدراڵ یەک لەو بابەت و دۆسیانەی كە پێویستە رێككەوتنی لەسەر بكرێت دۆسیەی پێشمەرگەیە كە كێشەیێكە لە ساڵی 2004ەوە تا ئێستا چارەسەر نەكراوە، لەگەڵ بابەتی بوودجەی هێزەكانی پێشمەرگە و چەكداركردنی ئەم ھێزانە و مەشق پێكردنیان و دابین كردنی پێداویستییەكانیان".
جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو،کە یەكێک لەو بابەتانەی كە پەیوەندیدارە بە ھێزەكانی پێشمەرگەوە پرسی ناوچە جێناكۆكەكانە لە دیالەوە تا مووسڵ كە ئێمە داكۆكیی دەكەین لەسەر ھاوبەشی كردن لە پاراستنی ئەو ناوچانە پێكەوە، لە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەپێی ئەو میكانیزمەی پێش ساڵی 2014 ھەبوو لەو ناوچانەدا".
لەبارەی پشكی پێشمەرگە لەو ھاوكارییانەی كە ئەمریكا بۆ سوپای عێراق دابینی دەكات، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونی كردەوە لە دەستپێكی شەڕی داعش و دوای پێكھێنانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە بەردەوامیی ھاوكارییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی تری ھاوپەیمان بە چەند شێوازێک دەگاتە ھێزەكانی پێشمەرگە، یەک لەو شێوازانەش لە ئاسمانەوە و بەھۆی فرۆكەكانیانەوە پشتیوانی ھێزی پێشمەرگەیان كرد، لەگەڵ ھاوكاری كردنی مەشق پێكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە كە ئێستا سەنتەرێكی مەشقی ھێزەكانی ھاوپەیمانان دامەزراوە و بەردەوامن لە مەشق پێكردن.
جەبار یاوەر راشیگەیاند ئەمریكا بەپێی ئەو پلانەی بۆ ساڵی 2018 دایناوە بەردەوامە لە ھاوكارییەكانی پێشمەرگە و بەمزووانەش كۆنفرانسێک بۆ پلانی ساڵی 2019 دەبەسترێت.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "تا ئێستا بڕی ئەو ھاوكارییە داراییەی بۆ بەشێک لە ھێزەكانی پێشمەرگە كە بەشداریان لە شەڕی داعش كرد بەردەوامی ھەیە و مانگانە دەگاتە وەزارەتی پێشمەرگە و دەدرێتە مووچەی ئەو ھێزانە، جگە لەوە ھاوكاری چەک و تەقەمەنیش تا ئێستا بەردەوامیی ھەیە.
کۆدی ههواڵنێر: 60103
Your Comment