له‌ پێنجه‌مین ساڵیادی کۆچی دواییی شێرکۆ بێکه‌س دوو کتێب بڵاو کرانه‌وه‌

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- به‌ ئاماده‌ بوونی ژماره‌یێكی به‌رچاو له‌ به‌رپرسانی حزبی و حكومی و له‌ ڕێوره‌سمێكی شایسته‌دا له‌سه‌ر گڵكۆی خوالێخۆشبوو له‌ پاركی ئازادی شاری سلێمانی یادی شاعیری گه‌وره‌ی كورد شێركۆ بێكه‌س كرایه‌وه‌ و دوو کتێب له‌ مه‌راسیمه‌که‌یدا بڵاو کرانه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عات 7:00ی ئێواره‌ی ڕۆژی 4-8-2018 به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یێكی به‌رچاو له‌ به‌رپرسانی حزبی و حكوومه‌تی و شاعیران و ڕۆشنبیران و ڕووناكبیران له‌ ڕێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا له‌ پاركی ئازادی شاری سلێمانی یادی پێنجه‌مین ساڵیادی كۆچی دواییی شاعیری گه‌وره‌ی كورد شێركۆ بێكه‌س به‌ڕێوه‌ چوو و له‌و مه‌راسیمه‌دا دوو كتێب بڵاو کرانه‌وه‌ كه‌ یه‌كێک له‌ كتێبه‌كان له‌ نووسینی كامه‌ران سوبحانه‌ به‌ ناوی (نامه‌كانی شێركۆ بێكه‌س- تاڤگه‌ی وشه‌ و هه‌ڵوێست) و یه‌كێكی‌تریش له‌ كتێبه‌كان له‌ نووسینی هه‌ڵو شێركۆ بێكه‌سه‌ كه‌ كوڕی شاعیر خۆیه‌تی به‌ ناوی "سه‌د و یه‌ک ڕۆژ ته‌نیایی" و هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا به‌رهه‌مه‌كانی شاعیر له‌ 8 به‌رگدا فرۆشرا.

له‌و یاده‌شدا مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ڕای‌گه‌یاند: شێركۆ ته‌نها شاعیرێک نه‌بوووه و خه‌باتگێڕ و نیشتمانپه‌روه‌ر و ڕۆشنبیر و پیاوێكی ئازا و خۆنه‌ویست و بێ وێنه ‌بوو له‌ به‌رگری كردن له‌ ئازادی، له‌ میلله‌ت، له‌ ژن، له‌ خاک، له‌ نه‌ته‌وه‌، له‌ ژیان و له‌ هه‌موو به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ وردی باسی له‌ گه‌وره‌ییی شێركۆ بێكه‌س كرد و وتی: شێركۆ بێكه‌س موڵكی میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌یێكه ‌و ده‌بێت هه‌موو میلله‌تی كورد شانازی پێوه ‌بكه‌ن. شێركۆ خاوه‌نی قوربانیدان و خه‌باتێكی زۆره‌ له‌ پێناو ئازادی و گه‌له‌كه‌ی و مرۆڤایه‌تیدا.

ناوبراو وتیشی: شیعر و شێركۆ چۆن هه‌رگیز له‌ یه‌ک جیا نه‌ده‌بوونه‌وه‌، هه‌مان كات شیعری شێركۆش له‌ سیاسه‌ت جیا نه‌ده‌بوووه‌وه‌، شێركۆ وه‌ک لایه‌ن و حزبی یه‌كێتی نه‌بوو به‌ڵام له‌ هه‌موومان زیاتر نزیكتر بوو له‌ یه‌كێتی، ئه‌و به‌ شیعره‌كانی خه‌باتی ده‌كرد به‌ تایبه‌ت له‌ شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان كه‌ ڕۆڵێكی زۆر كاریگه‌ری هه‌بوو، ئه‌ده‌بی شێركۆ بێكه‌س بۆ خۆی خه‌باتێكی گه‌وره ‌بوو له‌ مێژووی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌ماندا.

مه‌لا به‌ختیار وتیشی: شێركۆ لووتكه‌یه ‌و ئێمه‌ له‌ دامێنه‌وه‌ سه‌یری ده‌كه‌ین بۆیه‌ هیچ وشه‌یێک نییه‌ وه‌سفی شێركۆ بێكه‌س بكات بۆیه‌ گه‌وره‌ییی شێركۆ به‌ چه‌ند وشه ‌و ڕێوره‌سم وه‌سف ناكرێت.

دواتر د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی چه‌ند وته‌یێكی له‌سه‌ر به‌رزی و مه‌زنی شێركۆ بێكه‌س پێشكه‌ش كرد و ڕای‌گه‌یاند: پێویسته‌ میلله‌تی كورد به‌ گشتی شانازی به‌ شێركۆ بێكه‌سی شاعیره‌وه‌ بكات. شێركۆ بێكه‌س ته‌نها شاعیرێک نه‌بوو به‌ڵكوو نیشتمانپه‌روه‌ر و میلله‌ت دۆست و به‌رگریكارێكی گه‌وره‌ی میلله‌ت و ژن و ئازادی و مرۆڤایه‌تی بوو.

ناوبراو وتیشی: شێركۆ به‌ده‌ر له‌ شاعیری كه‌سێكی به‌ هه‌ڵوێست و ئازا و مه‌رد و به‌توانا بوو.

شایانی باسه‌؛ شێركۆ بێكه‌س دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یێک ژێكانی ده‌نگی تێكده‌چێت ‌و ده‌نگی ده‌نووسێت ڕۆژی (17)ی نیسانی (2013) له‌ سلێمانییه‌وه‌ گه‌یه‌نرایه‌ ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی سوید و سه‌رجه‌م ئه‌و پشكنینانه‌ی پزیشكه‌ تایبه‌تییه‌كانی بۆیان كردوووه‌ ئه‌وه‌یان پیشان داوه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند یه‌كێک له‌ ژێكانی قوڕگی تووشی پسان بوووه‌ به‌هۆی ماندوبوونی زۆره‌وه‌.

جگه‌ له‌وه‌ی سییه‌كانیشی به‌هۆی زۆری كێشانی جگه‌ره‌وه‌ تووشی شێرپه‌نجه‌ ببوو، به‌ ئه‌سته‌م قسه‌ی بۆ ده‌كرا به‌ڵام ڕۆشتن ‌و خواردن ‌و هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌ی ئاسایی بوو تا ئه‌وكاته‌ی ته‌ندروستی تا ڕاده‌یێک تێكچو‌و و پزیشكه‌كان رایانگه‌یاند كه‌ باری ته‌ندروستی تێكچوووه ‌‌و ناجێگیر بوووه‌.

شێركۆ بێكه‌س كوڕی‌ شاعیری‌ ناوداری‌ كورد فایه‌ق بێكه‌س ‌و له‌ 2-5-1940 له‌ شاری‌ سلێمانی له‌دایک بوووه‌‌، شاعیرێكی گه‌وره‌ی كورده‌، كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایه‌ق بێكه‌سه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌رێكی‌تردا له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ڕه‌وتی روانگه‌یان دامه‌زراندوووه‌ كه‌ به‌ یه‌كێک له‌ گرووپه‌ چالاكه‌كانی بواری ئه‌ده‌بیاتی كوردی له ‌سه‌ده‌ی ڕابردوودا داده‌نرێت.

ناوبراو خاوه‌نی زیاتر له‌ (30) كتێبی شیعرییه‌ و به‌شێک له‌ شیعره‌كانی وه‌رگێڕاون بۆ زمانه‌كانی "عه‌ره‌بی ‌و توركی ‌و فارسی ‌و ئینگلیزی‌ و سوێدی ‌و دانیماركی ‌و فه‌ره‌نسی ‌و ئیتالی ‌و ئه‌ڵمانی ‌و هه‌نگاری" ‌و دوا كاریشی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای چاپ ‌و په‌خشی سه‌رده‌م بوووه‌ له‌ شاری سلێمانی.

شێركۆ بێكه‌س به‌ یه‌كێک له‌ تازه‌گه‌ر ‌و شاعیره‌ به‌ناوبانگه‌كانی شیعری كوردی ناسراوه‌ و تا ئێستا ده‌یان خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی له‌ بواری شیعردا وه‌رگرتوووه‌، دیارترینیان له‌ ساڵی 1998 له‌ سوێد خه‌ڵاتی توخۆلسكیی پێ به‌خشراوه كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خه‌ڵاته‌ گه‌وره‌كانی بواری ئه‌ده‌بیات له‌ جیهاندا و به‌ یه‌كێک له‌ شاعیره‌ نوێخوازه‌كانی‌ ھاوچه‌رخی‌ كورد داده‌نرێت.

شێركۆ بێكه‌س له‌ ساڵی 1965 له‌ ئێزگه‌ی گه‌لی كوردستان كاری كردوووه‌ و له‌ ساڵی 1986 په‌یوه‌ندی كردوووه‌ به‌ ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه و به‌هۆی خه‌بات و كوردایه‌تییه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ ناچار كراوه‌ وڵات جێبهێڵێت و به‌ره‌و وڵاتی سوید ڕۆشتوووه‌.

دوابه‌دوای ڕاپه‌رینه‌كه‌ی ساڵی 1991 گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان و وه‌ک ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرا و له‌ كابینه‌ی یه‌كه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم بوو به‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی كاروباری وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ته‌نها ساڵێک له‌ پۆسته‌كه‌یدا مایه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌ و دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ وڵاتی سوید و له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌مه‌وه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ خزمه‌ت كردنی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرانی كورد.

به‌داخه‌وه‌ له‌ 4ی ئابی ساڵی 2013 له‌ ته‌مه‌نی 73 ساڵیدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ لێدان كه‌وت و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌ ئه‌ده‌ب و شیعری كوردیدا دروست كرد.

پێش گیان له‌ده‌ستدانیشی وه‌سێتی كرد له‌ شاری سلێمانی و یه‌كێک له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كانی شاره‌كه‌دا به‌ خاكی بسپێرن.

وه‌سێتانامه‌كه‌ی شێرکۆ بێکه‌س:

"من نامه‌وێت له‌ هیچ كام له‌ گرد‌ و گردۆڵه‌كه‌كاندا بنێژرێم كه‌ دیارن ‌و ناویان ئه‌برێ، یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پڕ بوونه‌ته‌وه‌‌ و دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من حه‌ز به‌ قه‌ره‌باڵغی زۆر ناكه‌م، من ئه‌مه‌وێ ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی شاره‌وانی ‌و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی شاره‌كه‌م ڕێگه‌م پێبدات‌ و ئه‌وه‌م پێ ره‌وا ببینن كه‌ له‌ پاركی ئازادیدا‌ و به‌ ته‌نیشت مۆنۆمێنته‌كه‌ی شه‌هیدانی (1963)ی سلێمانیه‌وه‌ بمنێژن، ئه‌وێ خۆشتره ‌‌و ته‌نگه‌نه‌فه‌س نابم، من حه‌ز ئه‌كه‌م به‌ مردوویش نزیكی ئه‌و خه‌ڵكه ‌‌و ژن‌ و پیاو‌ی شاره‌كه‌م‌‌ و ده‌نگی مۆسیقا‌ و گۆرانی‌ و هه‌ڵپه‌ڕكێ‌‌ و یانه‌ جوانه‌كانی ئه‌و پاركه‌ بم.

با كتێبخانه‌كه‌م‌ و دیوانه‌كانم‌ و وێنه‌كانم ببرێن بۆ شوێن مه‌زاره‌كه‌م، با كافتریایێک‌‌ و باخچه‌یێكی بچكۆلانه‌ له‌و شوێنه‌دا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی شاعیران ‌‌و نوو‌سه‌ران ‌‌و كچ‌ و كوڕی دڵدار ببنه‌ میوانم، من ئه‌مه‌وێ له‌ ئێسته‌وه‌ به‌ چاوی خه‌یاڵ ته‌ماشای ئه‌و پاركه‌ بكه‌م‌‌ و دوای مردنی خۆم ببینم، ئه‌مه‌وێ به ده‌م چریكه‌ی دیلان ‌و ئه‌ڵڵا وه‌یسیه‌كه‌ی مه‌ردان ‌و سرودی (خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی)ه‌وه‌ ئاڵای كوردستانم تێوه‌ پێچرابێ ‌و بنێژرێم، من ئه‌مه‌وێ له‌ پرسه‌كه‌مدا مۆسیقا لێبدرێت، له ‌ناو مه‌زاره‌كه‌مدا تابلۆی جوانی هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كه‌م هه‌ڵبواسن، من ئه‌مه‌وێ دوای خۆم‌‌ و به‌ناوی (بێكه‌س)ه‌وه‌ خه‌ڵاتێكی ساڵانه‌ ته‌رخان بكرێ ‌و بدرێت به‌ جوانترین دیوانه‌ شیعری هه‌ڵبژێردراوی ئه‌و ساڵه‌ ‌و خه‌رجی ئه‌م خه‌ڵاته‌یش له‌و میراته‌ بدرێ كه‌ جێیده‌هێڵم."

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27091

Your Comment

You are replying to: .
captcha