کوردپرێس:
لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەلاپەڕەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوی کردەوە، "ئەمڕۆ لەسلێمانی پێشوازیمان کرد لەحەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشوتری عێراقو سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، گفتوگۆمان کرد دەربارەی بارودۆخی سیاسیو ئابوریو ئەمنیی عێراقو هەرێمی کوردستانو پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو".
دەشڵێت:"جەختمان کردەوە لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵی سەرجەم لایەنە کوردستانیو عێراقییەکانو گرتنەبەری دیالۆگی جدی بەئامانجی گەیشتن بەدیدی هاوبەش بۆ چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکانو زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکانو هێنانەدی یەکڕیزیی نیشتمانی لەسەر کۆی مەسەلە هەستیارو چارەنوسسازەکان کە وڵات لەهەموو کێشەو دوبەرەکیو پەرتبونێک دەپارێزێتو ئارامیو خۆشگوزەرانیو سەقامگیریی بۆ ھاوڵاتیانی عێراقو کوردستان دەهێنێتەدی".
لاهوور شێخ جەنگی باسی لەوەش کردووە، "هاوڕابوین لەسەر مامەڵەکردنێکی حەکیمانە لەسەر ئەو پیلانگێڕییە ناوخۆییو دەرەکیانەی کە ڕوبەڕوی هەرێمو یەکێتیی بوەتەوە، سوپاسی پشتیوانی و هەڵوێستە واقیعییەکانی عەبادی دەکەین بۆ ئەو پێشهاتە نوێیانە، دڵنیامان کردەوە کە پاراستنی یەکێتیی لای ئێمە لەڕیزی پێشەوەیە".
بەوتەی هاوسەرۆکی یەکێتی، "ئاماژەمان بەکێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمو حکومەتی فیدراڵ کرد، وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی هەڵوێستی حزبەکەم دوپاتکردەوە بۆ بەردەوامی گفتوگۆکانو پەنابردنەبەر دەستورو پابەندبونی هەردولا بەڕێککەوتنەکانی نێوانیان لەپێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمو موچەی موچەخۆران، باسمان لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران کردو بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی پاکو بێگەردمان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەگرنگزانی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکەو ئەنجامدانی چاکسازییو گۆڕانکاریی لەوڵاتدا".
Your Comment