هێزەکانی تورکیا توانای مانەوەیان لە رۆژئاوا نەماوە

بەشی سووریا- فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، هیچ پێکهاتەیێک نییە یارمەتی داگیرکاریی تورکیا بدات بۆ ئەوەی زیاتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بمێنێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی لە پڕۆگرامی «ئێمە بۆ هیچ شوێنێک ناچین، ئێمە بۆ زێدی خۆمان دەگەڕینەوە» کرد، کە لەلایەن پەنابەرانی کوردی ناوچەی ژێر کونترۆڵی ئیدارەی خۆسەردا لە سەرێ کانی بەڕێوەجوو.

ناوبراو لە وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی تورکیا ئەو توانایەیان نییە بۆ ئەوەی زیاتر لەو ناوچانە بمێننەوە کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا داگیریان کردووە.

کۆبانی ئەوەشی وت، مانەوەی هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانیان بەستراوەتەوە بەتوانای سەربازیی هێزەکانی هەسەدە بۆ دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکە و پشتیوانی دانیشتوان.

فەرماندەی هێزەکانی سووریا دیموکرات ئاماژەی بەوەش دا، خەڵکی سەرێ کانێ تاقیکردنەوەیێکی زۆر سەختیان تێپەڕکردووە و دەتوانن جارێکی تر بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، بەوپێیەی لەڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٢ دا قۆناغی سەختیان تێپەڕ کردبوو.

مەزڵوم کۆبانێ هەروەها رایگەیاندووە: سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارییەکان ناتوانن تاسەر لە ناوچە داگیرکراوەکان بمێننەوە، چونکە هیچ هۆکارێکی پاڵپشتییان نییە بۆ مانەوە لەو ناوچانە.

تورکیا بە هەماهەنگیی لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لە ساڵی 2018 عەفرین و لە ساڵی 2019ش هەردوو شارۆچکەی سەرێ کانی و گرێ سپی داگیر کرد.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2681

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha