ۆکوردپرێس:
ڕۆژی هەینی 2ی تەمووزی 2021 نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی رەوشی کارەبا مستەفا کازمی فەرمانی بە وەزارەتی نەوت کردووە بەشە گازی مۆلیدەکانی کەرتی تایبەت زیاتر بکات، هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی کارەبا لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق لە پۆستەکەی دوور خرایەوە بەهۆی ئەوەی کەمتەرخەم بووە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیدا.
ئەوەش هاتووە، بڕیاردراوە ژمارەیێک بەرپرسی دیکەی وەزارەتی کارەباش بەهۆی کەمتەرخەمییان لە راپەڕاندنی کارەکانیاندا رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر، لێکۆڵینەوەش دەکرێت لە هۆیەکانی خراپبوونی رەوشی کارەبا.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی هەینیش چەند بڕیارێکی گرنگی لە ئەنجامی کاریگەری کەم بوونەوەی کارەبای نیشتیمانی و بەرز بوونەوەی پلەکانی گەرما دەرکرد و داوای کردووە بەپەلە چارەسەری خێرا بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، کازمی بڕیاری داوە بە پێکهێنانی شانەیێکی قەیرانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی باشووری عێراق، کە هەریەکە لە وەزارەتەکانی کارەبا، نەوت، دارایی، ناوخۆ، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سکرتێری باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان ئەندام دەبن تیایدا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، شانەی قەیرانەکان چەند ئەرکێک لە ئەستۆ دەگرێت لەوانە:
یەکەم: دەستبەجێ ڕێوشوێنەکان بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی باشوری عێراق بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ خەڵک و شوێنە بازرگانییەکان بگیردرێتەبەر.
دوەم: تەرخانکردنی هەمو جۆرە هاوکارییەکی دارایی، تەکنیکی، لۆجستی و ئەمنی بۆ وەزارەتی کارەبا.
سێیەم: بەشداریکردنی حکومەتە خۆجێیەکان لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبادا.
چوارەم: لابردنی زێدەڕۆییەکانی سەر کەرتی کارەبا و دەستگرتن بەسەر ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی بەکارهێنراون.
پێنجەم: تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە زێدەڕۆیکردن لەسەر کەرتی کارەبا.
شەشەم: خێراکردنی ڕێوشوێنە کردارییەکان بۆ پاڵپشتیکردن و هاندانی بەکارهێنانی وزەی نوێکراوە لە ناوچە جیاجیاکاندا و خۆماڵیکردنی پیشەسازییەکەیان، هەروەها رێکخستنی کەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنانی وزە بە شێوەیەک کە ئاستی دابینکردنی وزە بەرزبکاتەوە.
حەوتەم: شانەی قەیرانەکە لە ماوەی مانگی تەمووز و ئابدا لە کارکردنی هەمیشەییدایە و لەگەڵ کۆبوونەوەی بەردەوام، بڕیارەکانی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی دەردەکرێت.
Your Comment