لاهور شێخ جه‌نگی: قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ مه‌ترسیدایه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوسه‌رۆکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان لە مەترسیدایە و پێویسته‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان یه‌کگرتوو بن و به‌یه‌که‌وه‌ بتوانن کاربکه‌ن به‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گرفته‌کان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆکی یه‌کێتی، له‌ په‌خشێکی راسته‌وخۆدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک رایگه‌یاند، بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان له‌ مه‌ترسیدایه‌ و پێویسته‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان یه‌کگرتوو، یه‌کڕیز بن و به‌یه‌که‌وه‌ بتوانن کاربکه‌ن به‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگ و گرفته‌کان.

ناوبراو وتیشی، "ھاوپه‌یمانی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان بۆ خه‌ڵکی ھه‌موو کوردستانه‌ و ده‌ستکه‌وته‌کانی بۆ ھاوڵاتیانی ھه‌رێمه‌ و له‌ دوای ھه‌ڵبژاردنیش رێککه‌وتنی یه‌کێتی و گۆڕان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌هێزتری بکه‌ین، به‌جۆرێک ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ ده‌که‌ینه‌ چه‌تری کۆکردنه‌وه‌ی ھه‌موو لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان و به‌ کردار دروشمه‌کانی ھه‌ڵبژاردن جێبه‌جێ ده‌که‌ین".

سه‌باره‌ت به‌کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، لاهور شێخ جه‌نگی پشتیوانی خۆی بۆ چاره‌سه‌ری ته‌واوی کێشه‌کانی نێوان هه‌ردوولا ده‌ربڕی و وتی، "کلیلی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی ھه‌رێم به‌غدایه‌ و ھه‌رێم به‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌ی له‌ به‌غدا کێشه‌ی مووچه‌ و کێشه‌ی تری بۆ دروست بوو، بۆیه‌ له‌گه‌ڵئه‌وه‌داین سه‌رجه‌م کێشه‌کان به‌گفتوگۆ و دانوستان چاره‌سه‌ر بکرێن".

سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق، هاوسه‌رۆکی یه‌کێتی وتی، هه‌ندێک ده‌نگی نه‌شاز ده‌بیستن له‌ به‌غدا که‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمار ئه‌مجاره‌ نادرێته‌وه‌ کورد، به‌ڵام وه‌ک هه‌موو هێزه‌ کوردستانیه‌کان به‌یه‌کده‌نگ دژی ئه‌و ده‌نگه‌ نه‌شازانه‌ ده‌بنه‌وه‌ و شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ بۆ کورد ده‌که‌ن، له‌ناو کوردیشدا ده‌چنه‌ ململانێوه‌ و شه‌ڕی له‌سه‌رده‌که‌ن بۆئه‌وه‌ی بۆ یه‌کێتی بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێکه‌وتنێک یان لێکتێگه‌یشتنێک بێته‌ ئاراوه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پۆسته‌، ئه‌وکات شتێکی دیکه‌یه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2534

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha