کوردپرێس:
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی شارپرێس، سەرچاوەیێکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق هەڕەشەی لە هاوسەرۆکانی یەکێتی لاهور شێخ جەنگی و بافل تاڵەبانی کردووە کە ئەگەر یەکێتی یەکەکانی هێزی حەفتا نەخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوە ئەمەریکا یارمەتییەکانی لە پێشمەرگە دەبڕێت و چیتر مانگانە هاوکاری پێشمەرگە ناکات کە مانگانە زیاتر لە حەڤدە ملیۆن دۆلارە و دەکاتە مووچەی زیاتر لە 36 هەزار پێشمەرگە.
بەپێی وتەى سەرچاوەکە لە ژێر ئەم هەڕەشەیەدا یەکێتی لەچەند رۆژی رابردوو ڕازی بوو کە هێزەکانی (شتیوانیی دوو) بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لەلایێکى دیکەوە بەپێی زانیارییەکانى شارپرێس باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانیدا رایگەیاندبوو دەبێت هێزەکانى ٨٠ بخرێنەوە سەر وەزارەتى پیشمەرگەو هەرێمى کوردستان ببێتە خاوەن هێزێکى سەربازى نیشتیمانى بێت بۆ هەرێمەکە.
لەسەرەتای ئەم مانگەشدا رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆی هەرێم و دواتر نەجات عەلی فەرماندەی یەکەى ٨٠ی پارتى رایانگەیاند، کە بە فەرمانى مەسعود بارزانى چەند لیوایەکى ئەو هێزەیان خستووەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگەو لەماوەى داهاتووشدا هێزەکانى تر دەخەنە سەر وەزارەت.
ماوەى شەش ساڵە هاوپەیمانان پرۆژەیەکى ٣٥ خاڵیان لەگەڵ حکومەتى هەرێم ئامادە کردوە بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە، بەلام تاکو ئیستا ئەو پرۆژەیە تەنیا یەک خاڵى چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە کە ئەویش دروستکردنى ١٤ لیوى هاوبەشە.
Your Comment